ئایا چين دەتوانێت قەرزەکانی خۆی بە ئەمريکا وەک چەک بەکاربێنێت؟
لە ئێستادا حکومەتی ئەمريکا زیاد لە ٣٦ ترليۆن دۆلار قەرزارە، واتە بە ڕێژەی ١٢٠٪ لە قەبارەی (GDP)ی وڵاتەکە. نزيکەی ٧٧٪ی ئەو قەرزە ناوخۆيیە، ئەوی تر دەرەکييە. لە قەرزی دەرەکی، چين خاوەن زۆرترين پشکە. بە فەرمی دەوروبەری ٧٦٠ مليار دۆلاری بە قەرز داوەتە ئەمريکا، بەڵام بە ناوی کۆمپانيا و لایەنی تر ٥٠٠ مليار دۆلاری تری هەیە. واتە بە فەرمی و نا فەرمی چين دەوروبەری ١.٢ ترليۆن دۆلاری بە قەرز داوەتە حکومەتی ئەمريکا. (یەک تريليۆن دەکاتە هەزار مليار). پاش چين ژاپۆن دێت، بە ١.١ تريلۆن دۆلار (لەسەر ئاستی فەرمی یەکەمە و لە پيش چينە) پاشان بەڕێتانيا و لۆکسمبۆرگ دێن.
پێويستە بزانين شێوازی ئەو قەرزە بەو شێوەیە نييە کە حکومەتی ئەمريکا داوا لە حکومەتی چين و دەوڵەتانی تر دەکات قەرزی بدەنێ، بەڵکو کاتێک حکومەتی ئەمريکا خەرجیەکانی لە داهاتەکەی زیاتر دەبێت، قەرز دەکات. حکومەت بڕيار دەدات سەنەدات (پسوڵە یان بۆندەکان)ی قەرز بخاتە بازارەوە (بازاڕی سەنەداتی ئەمريکا)، ئيتر چين ئەو پسوڵەی قەرزانە دەکڕيت. بۆ نموونە، کۆمپانيایەک یا بانکێکی ناوخۆی ئەمريکا قەرز دەدات بە حکومەت، ئەو بانکە دەبێتە خاوەنی سەنەدێک کە دەيسەلمێنێت قەرزی لای حکومەتە، پاشان دەکرێت دووبارە ئەو سەنەدە لە بازاری سەنەدات بفڕۆشێتەوە، ئەو کات چين دەيكڕێتەوە، بەوەش حکومەتی ئەمريکا قەرزاری چين دەبێت. پڕۆسەکە بەم شێوەیەیە: بۆ نموونە ئەمريکا پێويستی بە یەک مليار دۆلارە، بایی یەک مليار دۆلار پسۆڵە دەخاتەڕوو لە بازاڕ، کڕيارەکان ئەو پسۆڵانە دەکڕن. پاشان سوودی لەسەر وەردەگرن و ئەگەر بەهاکەی بەرز بووەوە، کڕێن و فڕۆشتنی پێدەکرێت لەناو کڕيارەکاندا. بۆ نموونە کۆمپانيایەک یان دەوڵەتێک، پسۆڵەیەک دەکرێت بە یەک مليۆن دۆلار، پاش دوو مانگ ئەو پسۆڵەیە دەبێتە یەک مليۆن و دە هەزار دۆلار، دەکرێت بيفڕۆشێتەوە بە کۆمپانيایەکی تر. ئەگەر نرخەکەی دابەزی بۆ کەمتر لە یەک مليۆن دۆلار، ئەوا تەنيا سوودەکەی وەردەگرێت. واتە قازانجکردن حەتمييە.
بۆچی حکومەتی ئەمريکا قەرز دەکات؟ چونکە خەرجييەکانی لە داهاتەکانی زیاترە. لە بری ئەوەی باجی زیاتر بسەپێنێت بەسەر هاووڵاتيان، یان خزمەتگوزارييەکان کەم بکاتەوە، کە لەوانەیە نا ڕەزایەتی درووست بێت، یاخود رەزيلی بکات وخەرجييەکانی کەم بکاتەوە، زۆر خەرجی هەیە گرنگە ودەبێت بکرێت، یا دراوی زیاتر چاپ بکات، ئەوەش ئەگەر بەردەوام بێت بەهای دراوەکەی زۆر دادەبەزێنێت، بەهای دۆلاريش لەبەر ئەوەی پەيوەندی بە ئابووری جيهانەوە هەیە، دەستکاری کردنی بەهاکەی هەستيارە ولەوانەیە کێشەی گەورە درووست بکات. بۆیە ئەمريکا پەنا دەباتە بەر قەرز، ئاسانتر وسەقامگيرترە لە هەنگاوەکانی تر. ئەمريکا هەميشە دەتوانێت قەرز بکات بەهۆی ئەو متمانە گەورەیەیی هەیەتی لە ڕووی سياسی وئابووری و شەفافيەت و ڕۆڵی یاسا. هەر وەها بە پێچەوانەی دەوڵەتە هەژار ولاوازەکان، ڕێژەی سوود بۆ قەرزەکانی کەمە، واتە ئەگەر لوبنان مليارێک دۆلار قەرز بکات بە ڕێژەی١٠٪ سوود بچێتە سەری، ئەوا دەکرێت ئەمريکا ئەو بڕە قەرز بکات بە ڕێژەی ٢٪ سوود. ئاسانتر دەستی دەکەوێت ودەتوانێت درەنگتر قەرزەکە بداتەوە. بۆیە قەرز بۆ ئەمريکا هەنگاوێکی ئاسانە وقەرزپێدەرەکانيش خۆشحاڵن بەوەی قەرز بە ئەمريکا بدەن!
بۆچی هەمووان قەرز دەدەن بە ئەمريکا؟ بە گشتی دەوڵەتان پارە و داهاتی یەدەگيان هەیە، نزيکەی ٧٠٪ یەدەگی جيهان بە دۆلارە، ئەوی تر بە ئاڵتون و دراوەکانی ترە. ئەو یەدەگە لەبری ئەوەی لەناوخۆی وڵاتەکە بمێنێتەوە، دەيکەنە ناو وەبەرهێنانێک بۆ ئەوەی بەردەوام زیاد بکات. یەکێک لە وەبەرهێنانە هەرە باش ومسۆگەر وبەسوودەکان، بريتييە لە وەبەرهێنان لە بازاڕی سەنەداتی حکومەتی ئەمريکا. قازانجی مسۆگەرە لە ڕێگەی سوو، هەر وەها فەوتاندنی قەرزەکە، نيمچە مەحاڵە. کاتێک وەبەرهێن (خاوەن قەرز) بيەوێت پارەکەی زووتر بەدەست بهێنێتەوە (زووتر لەوەی کە لەسەری ڕێککەوتوون)، ئەوا سەنەدی قەرزەکەی بە ئاسانی دەفرۆشێت لە بازاڕی سەنەدات بە وەبەرهێنێکی تر، چونکە زۆربەی کات کڕيار هەیە.
بۆچی ئەم متمانە گەورەیە بە بازاڕی سەنەداتی ئەمريکا هەیە؟ بازاڕی ئەمريکا بە گشتی و بازاڕی سەنەداتی حکومەتی ئەمريکی بە تايبەتی، لە ئەدەبياتی ئابووريدا پێی دەڵێن سێگۆشەی سەروەری یاسا و شەفافيەت و توانای پێشبينی کردن. لە بازاڕی ئەمريکا یاسا وەبەرهێن و فڕۆشيار و کڕيارەکان دەپارێزێت، ئيتر ئەمريکی بن یان بيانی. واتە حکومەتی ئەمريکا بە نا یاسایی ناتوانێت مافی وەبەرهێنێکی بيانی پێشێل بکات و پارەکەی بخوات، یاخود دەستتێوەردانی تيا بکات، ئەگەر ئەو وەبەرهێنە هەڕەشە لە بەرژەوەندی ئەمريکا نەکات. شەفافيەتێکی زۆر هەیە لە بازاڕی ئەمريکی، وەبەرهێن دەزانێت یاسا و سروشت و پێکهاتەی ئەو بازاڕە چۆنە و چييە، دەزانێت یاسایەکی بەهێز بەڕێوەی دەبات، ئەمانە لەگەڵ سەقامگيری بوونەتە هۆکاری ئەوەی وەبەرهێن بتوانێت پێشبينی ئاڕاستەی بازاڕ و قازانج و زیانەکان بکات. هەموو ئەمانە هاوکاتە لەگەڵ گەورەترين و دەوڵەمەندترين و پێشکەوتووترين بازاڕی جيهان. لەم بازاڕەدا، بازاڕی سەنەداتی حکومەتی ئەمريکا زۆرترين متمانەی هەیە. ئەمە بەشێکە لەوەی پێی دەڵێن (American exceptionalism). بێ گومان ئەوانە تەنيا درووشم و ستايش نين، خودی دووژمنانی ئەمريکا بە سەدان مليار دۆلار دەخەنە ئەو بازاڕەوە، ديارە متمانەکە لە چ ئاستێکدایە. بۆ نموونە ئێران خەون دەبينێت دەرەفەتی بۆ بکرێتەوە و ٣-٤ ترليۆن دۆلاری خۆی بخاتە بازاڕی شەيتانە گەورەکە. هاوکات ئەو یاسا و بەهانە ڕەها نين، لەسەرووی ئەوانەوە بەرژەوەندی باڵای ئەمريکا و ئاسايشی نيشتمانی ئەمريکا هەیە.
سەبارەت بە قەرزەکانی چين، جگە لەوەی لەسەرەوە باسکرا، مەبەست و ئامانجی تر هەیە:
١. چين هەميشە هەوڵدەدات بەهای دۆلار بەرزتر بێت لە بەهای دراوەکەی خۆی، تاکو ئەمريکيەکان بە ئاسانی شمەکی چينی بکڕن وچينیەکان بە قوورسی شمەکی ئەمريکی بکڕن. ئەمەش وای کردووە ئەمريکا ببێتە گەورەترين بازاڕی چين، لە پەيوەندی بازرگانی چين وئەمريکادا نا هاوسەنگيەکی گەورە هەیە بە زیانی ئەمريکا، بە سوودی چين، ئەمە ترەمپی زۆر نيگەران کردووە. کاتێک چين ئەو هەموو سەنەداتانەی قەرزی ئەمريکی دەکڕێت بە دۆلار، ئەوا خواست لەسەر دۆلار بەرز دەبێت، ڕوونيشە خواست لەسەر دۆلار بەرز بێت، ئەوا بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە وبەهای يوانی چينی نزم دەبێت، ئەمەش ئەوەیە کە چين دەيەوێت. ٢. چين وڵاتێکە لەسەر ئاستی جيهان گەورەترين قەبارەی بازرگانی وهەناردەی هەیە، لە بازرگانی نێودەڵەتيش، مامەڵە کردن بە دۆلار، ئامرازێکی سەرەکيە. چين دۆلارێکی زۆری دەست دەکەوێت (بە تايبەت لە بازرگانيکردنيدا لەگەڵ ئەمريکا)، لەبری ئەوەی ئەو هەموو دۆلارە لە چين بهێڵێتەوە وخەزنی بکات، ئەوا دەيکاتە وەربەرهێنانێکی سەقامگير وبەسوود، هەر وەها خەزنکردنی ئەو هەموو دۆلارە لە ناو چين، بەهای دۆلار نزم دەکاتەوە و يوان بەرز دەکات.
٣- لەبەر ئەوەی دۆلار دراوێکی سەرەکی وگرنگی جيهانە وزۆرترين مامەڵەی پێوە دەکرێت لە بازرگانی نێودەوڵەتيدا، چينيش زلهێزێکی ئابووری وبازرگانيە، هەميشە پێويستی بە دۆلار دەبێت بۆ مامەڵەی بازرگانی، بۆیە مەبەستيەتی دۆلارێکی زۆری هەبێت، بەڵام بێ ئەوەی لە لەناوخۆ دايبنێت وبەهاکەی نزم بێتەوە، بۆیە لە ڕێی سەنەداتی قەرزی ئەمريکيەوە، ئەو دۆلارەی دەخاتە ناو قەرزەکانی ئەمريکا.
هەندێک کات لە ميدياکان و لای بەشێک لە چاودێران دەستەواژەی "چەکی ئەتۆمی دارایی" چينی بۆ ئەم قەرزە بەکاردێت. بە تايبەت لەم ماوەیەدا زۆر باس لەوە دەکرێت، گوایە چين دەتوانێت ئەو چەکە بەکاربێنێت و ئەمريکا بەرەو ئاقارێکی کارەساتاوی ببات، بەوەی بە یەک جار داوای هەموو قەرزەکانی بکاتەوە، یان هەمووی بە یەکجار بکشێنێتەوە. وەک زۆر بابەتی تر، ئەم جۆرە بۆچوونانە لە ميدياکاندا شوێنی دەبێتەوە بۆ ڕاکێشانی بينەر و سەرنجی خەڵک، لە زانست و وردەکاری ناو سياسەتدا شتێکی تر هەیە. ئەگەر ئەو قەرزە وەک چەکێکی ئەتۆمی ئابووری بێت، ئەوا زیاتر وەک چەکی ئەتۆمیيە دژی چين نەک ئەمريکا!
گريمان، چين بە یەک جار داوای هەموو قەرزەکەی دەکاتەوە یان دەيەوێت هەموو قەرزەکەی وەربگرێتەوە. ئەم داوایە ئاڕاستەی حکومەتی ئەمريکا ناکرێت، بەڵکو وەک هەر شمەکێکی تر چين دەبێت هەموو پسۆڵەی قەرزەکانی خۆی لە بازاڕ بخاتەڕوو. ئەگەر ئەمە لە کاتێکی ئاسایی ڕووبدات، نەک لە دۆخی قەيران و کێشە، ئەوا کاريگەرييەکی وای نابێت چونکە هەموو قەرزەکانی چين دەوروبەری ٣٪ی کۆی قەرزەکانی ئەمريکایە، ئەو کات بازاڕی سەنەداتی ئەمريکی بە شێوەیەکی سروشتی هەزمی دەکات. ئەگەر لە دۆخیکی وەک ماوەی پێشوو کاتێک دۆلار تا ڕادەیەک بەهای خۆی لە دەستدا و نا جێگيرييەک درووست بوو لە ئابووری ئەمريکی بە هۆی سەپاندنی باجەکانی تڕەمپ، لەم دۆخەدا چين ئەو کارە بکات، لەم ئەگەرەدا چين زیانی زیاتر دەکات نەک ئەمريکا.
چونکە ١. کاتێک خستنەڕووی دۆلار بەرز دەبێت، ئەوا بەهاکەی دادەبەزێت. وەک ئاماژەی پێکرا، ئامانجێکی سەرەکی چين ئەوەیە بەهای دۆلار بەرز بێت نەک دابەزێت. لە ئێستادا ئەمريکا خۆی دەيەوێت کەمێک لە بەهای دۆلار دابەزێنێت ٢. لەم دۆخەکدا، ئەگەر چين هەموو پسۆڵەکانی بە یەک ترليۆن دۆلار کڕی بێت، ئەوا چونکە بەهای دۆلار دابەزيووە و بازاڕی سەنەداتی ئەمريکی کێشەی تيایە، دەبێت بە دەيان مليار هەرزانتر ئەو پسوڵانە بفڕۆشێتەوە. چونکە لەو کاتەدا کڕيار کەمترە و متمانەی لاوازترە، بۆ ئەوەی بایی یەک ترليۆن پسۆڵە بفڕۆشرێت، پێويستە نرخەکەی زۆر دابەزێت. لەم خاڵەدا، چين بە دەيان و لەوانەیە سەدان مليار دۆلار زیان بکات. ٣. گريمان چين ئامادەیە بۆ هەموو ئەو زیانە گەورەیە لە پێناو ئەوەی گورزیکی کووشندە لە ئەمريکا بدات. لەم دۆخەکەدا گرنگی ئەوە دەردەکەوێت کە کۆی پڕۆسەکە بە دۆلارە، ئەمريکا بڕيار دەدات دۆلاری زیاتر چاپ بکات بۆ کۆتایهێنان بە قەرزەکانی چين. ئەمە زیانی دەبێت بۆ ئەمريکا، بەڵام گورزێکی گەورە نابێت، بەڵام بۆ چين گورزێکی توند دەبێت. ٤. گريمان ئەمريکا ئامادە نييە بەهای دۆلار زۆر دابەزێنێت بە هۆی چاپکردنی دۆلاری زیاتر، ئەوا پەنا دەباتە بەر پەيوەندييە ستراتيژييە قووڵ و گرنگەکانی، ئەم هەنگاوە نموونەی هەیە لە مێژووی ئەمريکادا. بە چەند ڕێککەوتن و بەڵێنێکی سەربازی و ئەمنی، بە سعوودييە و قەتەر و ئيماڕات دەڵێت وەرن هەموو قەرزەکانی چين بکڕن، یاخود بە دەوڵەتانی وەک سويسرا و نەرويج و لۆکسمۆرگ... ئەو کات نەک چين هەر زیانێکی گەورە دەکات لە ڕووی ئابووری و سياسييەوە، بەڵکو بازاڕی سەنەداتی ئەمريکا چالاکتر دەبێتەوە.
جگە لەو سيناريۆیانە، ئەوا چين دەبێت چاوەڕوان بێت بە پێی ئەو کاتەی کە لە پسۆڵەکاندا دياريکراوە وەک ماوەی وەرگرتنەوەی قەرزەکان، ئەو کات هەموو قەرزەکانی لە ئەمريکا وەربگرێتەوە. ئەمە پڕۆسەیەکی خاو و بچڕ بچڕ دەبێت، چونکە هەر پسۆلەیەک یان کۆمەڵە پسۆڵەیەک کاتێکی دياريکراوی لەسەرە. لەم ئەگەرەدا چين دەکشێتەوە لە بازاڕی سەنەداتی ئەمريکی کە جگە لە زیان بۆ چين هيچ زیانێکی وای بۆ ئەمريکا نابێت. ئەگەر ئەمريکا لە کاتی خۆی نەتوانێت قەرزەکان بداتەوە، ئەوا کڕياری تر هەیە قەرزەکانی چين دەکڕنەوە. ئەم هۆکارانە وا دەکەن کە حکومەتی چين لە کاتی کێشە و ئاڵۆزيەکانيشدا ئەو هەڕەشەیە بەکارناهێنێت، چونکە دەزانێت زیانەکەی بۆ خۆی دەبێت نەک بۆ ئەمريکا.
بازاڕی سەنەداتی ئەمريکا واتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دارایی و کارکردنی حکومەت، پەيوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاسايشی نيشتيمانی ئەمريکاوە هەیە. جگە لە چاودێری ئابووری و یاسایی و حکومی، چاودێرييەکی هەواڵگری وردی لەسەرە، قوورسە ڕێگە بدرێت بە هەر دەوڵەت و کۆمپانيایەک ئەو بازاڕە وەک هەڕەشە بەکاربێنێت دژ بە ئەمريکا. کاتێک رێگە دراوە بە چين ئەو پشکە گەورانەی هەبێت لەو بازاڕە، کەواتە بە پێی هەڵسەنگاندنی هەواڵگری و حکومەتی ئەمريکا، لە هيچ سيناريۆیەکدا ئەو پشکانە وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاسايشی نيشتيمانی بەکارنایەن. ئەوەی چين لەو بازاڕە دەيکات، سوودێکی دوو لایەنە، ئەگەر بيەوێت وەک هەڕەشەیەکی گەورە دژ بە ئەمريکا بەکاری بێنێت، ئەوا بەسەر خۆیدا دەشکێتەوە.
لەگەڵ ئەو هەموو متمانە وهێزەی ئەمريکا هەیەتی، بەڵام لە ناوخۆی ئەمريکا ترس لەو قەبارە گەورەیە لە قەرز بە ڕوونی دەرکی پێدەکرێت. کاتی خۆی بريجنسکی شەش مەترسی سەرەکی و گەورەی دەستنيشانکرد لەسەر ئايندەی ئەمريکا، یەکێکيان بريتی بوو لەو قەبارە گەورەیە لە کەڵەکەبوونی قەرز بەسەر حکومەتی ئەمريکادا. ترەمپ لە کاتی بانگەشەی سەرۆکایەتی لە خولی یەکەم و ئیستاش، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات کە قەرزەکانی سەر ئەمريکا کەم دەکاتەوە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئيلۆن مەسک ئەو بابەتەیە. بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، پڕۆسەکە بەشێکی زۆری بابەتێکی زانستی و وردە، لە درووشم و بابەتی ميدياکان قووڵترە. تڕەمپ و ئيلۆن مەسکيش دەزانن لە نێوان یەک بۆ دوو ترليۆن دۆلار توانای کەمکردنەوە ئەو قەرزانە هەیە، ئەگەر لەوە زیاتر کەمی بکەنەوە، قەيرانی تر ڕوودەدات کە لە قەرزەکان کاريگەرتر دەبێت. ئەو پڕۆسەی قەرزە پەيوەندی بە سروشتی دەوڵەتی ئەمريکا و پێگەی ئەو دەوڵەتەوە هەیە لە سيستەمی جيهانی، پەيوەندی بەو متمانە گەورەیەیی جيهانەوە هەیە بە ئابووری و یاسا و هێزی ئەمريکا، پەيوەندی بە ڕۆڵی دۆلارەوە هەیە.
واتە ئەگەر زۆرێک لە دەوڵەتان قەرز بکەن لەبەر ئەوەی هەژار و لاوازن، قەرزەکانی ئەمريکا نيشانەی دەوڵەمەندی و بەهێزی و متمانەیە. ئەمە تەنيا ئەمريکاش ناگرێتەوە، بەڵکو دەوڵەتانی وەک ژاپۆن و بەڕيتانيا و خودی چين، چەندين تريلۆن دۆلار قەرزان. بۆیە لە تێڕوانينکی زانستييەوە، ئەگەر ئەو قەرزانە ببنە کێشە بۆ ئەمريکا، ئەوا پێش وەخت پێگەی سياسی و ئابووری و متمانەی ئەمريکا تووشی کێشە بووە، پاشان ئەو قەرزانە دەبنە کێشە، نەک خودی قەرزەکان ببنە هۆکاری سەرەکی. بۆیە بە پێی پێشبينييەکان، تا سی ساڵی داهاتوو، ئەو قەرزانە بەردەوام زیاتر دەبن، ئەگەر تڕەمپ بۆ ماوەیەکی کاتيش ڕايبگرێت.