دواین هەواڵ

شانزە تێبینی خێرا لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

‌عادل باخه‌وان

5 کاتژمێر پێش ئێستا

1. گەر پێش 31ی ئەم مانگە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهێنرێت، پرۆسەکە زۆر ئەستەمدەبێت و گریمانەی دواخستنی بۆ پاش هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەری عێراق زۆر بەهێزدەبێت.

2. ئەم دواخستنە ڕەنگە لەبەرژەوەندی چەند ئەکتەرێکی سیاسیدابێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک لەبەرژوەندی هەرێمی کوردستاندا نیە، بەتایبەتی لە ساتەوەختێکدا کە کۆی ناوچەکە لەدۆخێکی یەکجار ناسکدایە و گۆڕانکاری گەورە ڕویانداوە و گۆڕانکاری گەورەتریش بەڕێوەن.

3. لەم قۆناغی ڕاگوزەرەدا، کوردستان پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و ئۆپۆسیزیۆنێکی بەهێزو ستراتیژی تۆکمە و جیهانبینی قوڵە. گەر کۆمەڵگایەکی زیندوی مەدەنی لە ئارادابێت، بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی هەموو کارتەکانی فشار بەکاردەهێنن بۆئەوەی لە سبەینێیەکی نزیکدا کابینەی نوێ پێکبهێنرێت. کۆمەڵگای بێ بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی کارا، کۆمەڵگایەکی مردوە.

4. عێراقی پۆست پاشەکشەی هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە. تاقیکردنەوەی پەڕینەوە لە دەوڵەتی میلیشیاوە بۆ دەوڵەتی نیشتمانی. هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە عێراقی برادەرانی شیعە لەم تاقیکردنەوەیە دەرنەچن، چونکە دەستەبژێرێکی کارایان نیە کە هەڵگری ئەم پرۆژەیە بێت.

5. ئەو ژاوەژاوەی کە لەسەر هەڵوەشانەوەی حەشد هەیە، ئەگەری سەرگرتنی زۆر لاوازە. لە یادەوەری دەستەجەمعیی برادەرانی شیعەی دەسەڵاتدا، حەشدی شەعبی بۆ عێراق، هاوتای سوپای پاسدارانە بۆ ئێران. چەند گریمانەی هەڵوەشانەوەی پاسداران لاوازە، هێندەش گریمانەی حەشد لاوازە.

6. واتە عێراقی برادەرانی شیعە نەک هەر ناتوانێت چیتر مێژوو دروستبکات ، بەڵکو ناتوانێت بۆچوونێکی یەکگرتووش لەسەر بەشداری یان بەشدارینەکردنی ئەحمەد شەرع لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا بەرهەمبهێنێت. سەرۆک وەزیران بانگهێشتی دەکات و حەشد هەڕەشەی لێدەکات.

7. جەنگی غەززە یەکێکە لە کارەساتەکانی سەدەی نوێ و لەسەر ئاستی ئەخلاق، زۆر بەئاسانی دەتوانین باس لە تاوانی جەنگ بکەین. بەڵام ئەوەندە بەس نیە، لەسەر ئاستی جیۆپۆلیتیک، غەززە لەبەردەم چەند سیناریۆیەکدایە.

8. سیناریۆی یەکەم بریتیە لە ڕاگواستنی زۆرە ملانەی غەزەویەکان و بەدیێنانی خواستی ترامپ و ناتەنیاهۆ. لەڕاستیدا بەدیهێنانی ئەم سیناریۆیە، هەر چەند لەئارادایە، بەڵام زۆر ئەستەمە و تاوانی جەنگ و قەسابخانەش سنورێکیان هەیە !

9. سیناریۆی دووەم بریتیە لە ڕاگەیاندی ئاگربەست لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکاندا و پاشان پاشەکشەی حەماس لە ئیدارەکردنی غەززە و سپاردنی دەسەڵات بە دەسەڵاتی فەلەستینی، بەبێ ئەوەی واز لە هێزە سەربازیەکەی بهێنێت. حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی و قەتەر و تورکیا و ئێران ئەم سیناریۆیەیان قبوڵە، بەڵام ئیسرائیل و ئەمەریکا و ئەوروپا و میسر و سعودیە بەهیچ شێوەیەک قبوڵیان نیە، بۆیە گریمانەی بەدیهێنانی زۆر لاوازە.

10. سیناریۆی سێیەم بریتیە لە ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەمەرجی وەرگرتنەوەی دیلەکان و دورخستنەوەی حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی لە بەڕێوەبردنی داهاتوی کەرتی غەززە و ڕێکەوتن لەسەر ئیدارەیەکی میسری و سعودی و ئیماراتی بۆ کەرتی غەززە. لەم سیناریۆیەدا حەماس چەکدادەنێت و سەرکردەکانی کەرتی غەززە بەجێدەهێڵن. ڕاستە چەند ناوەندێکی بڕیار پێیانوایە ئەمە باشترین چارەسەرە، بەڵام ئەم سیناریۆیە زیاتر لە یوتۆپیایەک دەچێت کە شانسی بەدیهێنانی یەکجار لاوازە.

11. سیناریۆی چوارەمیش بریتیە لە مانەوەی دۆخەکە وەک ئەوەی کە ئێستا هەیە، واتە ئیدارەکردنی ئەو کارەساتەی کە لە ئارادایە بەبێ یەکلاییکردنەوەی یەکجارەکی، بەشێوەیەک کە کەرتی غەززە، خۆی لە خۆیدا ببێت بە دۆزەخێکی وا کە مرۆڤ بەهیچ شێوەیەک نەتوانێت تیایدا بژی. زۆربەی ئاماژەکان بەرەو ئەم سیناریۆیەماندەبەن.

12. سەبارەت بە سوریا : ئەم وڵاتە لەسەر لەپی شەیتانە. لە باشوەرەوە ئیسرائیل داگیریکردوە، لەباکورەوە تورکیا داگیریکردوە، لە باکوری ڕۆژهەڵاتەوە هێزی ئەمەریکی لێیە، لە ڕۆژئاواوە هێزی ڕوسیای لێیە. نزیکەی 30%ی خاکەکەی لەلایەن هێزەکانی سوریای دێمۆکراتەوە هەژموونی بەسەرداکراوە !

13. هەر لە سوریادا، دەسەڵات گرفتی لەگەڵ کوردا هەیە، گرفتی لەگەڵ عەلەویەکاندا هەیە، گرفتی لەگەڵ دروزدا هەیە، مەسیحیەکان زراویان تۆقیوە، ئیسماعیلیەکان هەست بە هەڕەشەی وجودی دەکەن.

14. سەرباری هەموو ئەمانەش لە سوریای ئێستادا پێنج سەد گروپی چەکدار هەیە و وڵاتەکەش تا ئێستا لەژێر سیستمی سزاکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدایە و بۆئەوەی خۆی بینابکاتەوە پێویستی بە پێنج سەد ملیار دۆلار هەیە. لە دۆخێکی ئاوادا، گەر مەوعجیزەیەکی سیاسی گەورە ڕونەدات، کە ڕودانی زۆر زۆر زەحمەتە، ئەم وڵاتە بەرەو داهاتویەکی یەکجار تراژیدی هەنگاودەنێت.

15. سەبارەت بە ئێران و ئەمەریکا، هەردوولا پێیویستیان بەڕێکەوتنە و هەر یەکەیان هۆکاری خۆی هەیە. هەلومەرجێکی بابەتی لەئارادایە بۆئەوەی سەرکەوتوبن لە ئامادەکردنی ڕێکەوتنێکی فراواندا، بەڵام لەبەرئەوەی کە ڕوبەری سیاسی هەمیشە ڕوبەرێکی ڕێژەییە و فاکتەکان بەردەوام گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، گەربێت و دانوستانەکان شکستبێنن، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوبەڕوی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە. بێهودەنیە کە سعودیە و ئیمارات و تەنانەت میسر و ئوردن و عێراقیش هەموو تواناکانیان خستوەتە گەڕ بۆئەوەی واشنتۆن و تاران ڕێبکەون و ئەو جەنگە گەورەیە ڕونەدات.

16. پرۆسێسی ئاشتی لەتورکیادا شانسێکی گەورەیە نەک بەتەنها بۆ باکور، بەڵکو بۆ باشور و ڕۆژئاڤا و ڕۆژهەڵاتیش. لە گریمانەی سەرکەوتنی ئەم پرۆسێسەدا، هەرێمی کوردستان دەبێت بە چەقی پرسی کورد بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی. پرسیارە سەرەکیەکە ئەوەیە کە : ئایا بەم دۆخەی ئێستاوە هەرێم دەتوانێت لە ئاستی ئەم مەوعیدە مێژووییەدا بێت ؟ ئایا کاتی ئەوەنەهاتوە کە چیتر کات بە پرسە لاوەکیەکانەوە نەکوژرێت و خۆ بۆ پرسە گەورە و ستراتیژیەکان یەکلاییبکرێتەوە ؟

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP