دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

عێراق هێنانی كرێكاری سوری و چوار وڵاتی دیكەی قەدەغەكرد

هەرێم نیوز

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، هێنانی کرێکارانی پێنج وڵاتی بۆ عێراق قەدەغە کرد.

حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بریاری قەدەغەکردنەکە، کرێکارانی "سووریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادیش و فلیپین" دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەكەیان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (24832)ی ساڵی (2024)، کە مەرجی داناوە هەر وەبەرهێنەرێک یان خاوەن کارێک، ئارەزوی دامەزراندنی پرۆژە دەكات، دەبێت لە (80%) کارمەندانی ناوخۆ کار پێ بکات و (20%) کرێکارانی بیانی بن.

هاوکات، ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ئاشکرای کرد؛ ژمارەیەکی زۆری کرێکاران و بەتایبەتی سورییەکان بە نایاسایی هاتونەتە عێراق.
وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە: زۆرینەی کرێکارانی سوریا بە نایاسایی لە رێگەی قاچاخ، یان لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە دێنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق و 80-90%ـی ئەو کرێکارانەش لە چێشتخانە و خواردنگەکاندا کاردەکەن.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری کاروباری ئابوریی سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشتر رایگەیاندبوو: زیاتر لە 85%ـی کرێکارانی بیانی هیچ بەهرە و توانایەکی ئەوەتۆیان نییە سوودبەخش نین.

بەوتەی مەزهەر محەمەد؛ کەمتر لە 15%ـی کرێکارانی بیانی، خاوەن توانایەکی بەرز یان شارەزایی و تایبەتمەندی جیاوازن، ئەوانی دیکە هیچ توانا و بەهرەیەکی جیاوازییان نییە.

ئاشکرای کردووە؛ ساڵانە ئەو کرێکارانە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار داهاتیان هەیە و دەینێرنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، لەکاتی دەستەبەربوونی کاریش، زۆرینەی خاوەن کارەکان پشت بە کرێکاری بیانی دەبەستن. 

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاری عێراق، ژمارەی کرێکارانی بیانی گەیشتوەتە نزیکەی یەک ملیۆن کەس، لەبەرامبەردا بەپێی یاسا خاوەنکارەکان پابەندکراون بەوەی سود لە دەستی کاری ناوخۆیی وەربگرن و پشت بە کرێکاری ناوخۆیی ببەستن بۆ کارکردن.

ئامارە نافەرمییەکان دەری دەخەن لە کۆی نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی کە لە عێراق کاردەکەن، 95%یان بە نایاسایی کاردەکەن و 850 هەزار کەسیان خاوەن توانایەکی نزم و سنوردران.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP