هەرێم نیوز
کۆری میڵز ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، ئامادەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە بەڵام دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە.
کۆری میڵز، ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا لە دیمەشق لەگەڵ کۆبووەوە.
کۆری میڵز، کۆنگرێسمانی ئەمریکی ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، ئامادەیە "لە هەلومەرجی گونجاودا" پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە، لە کاتێکدا دەیەوێت وڵاتانی رۆژئاوا سزاکانی سەر سووریا هەڵبوەشێننەوە.
باسی لەوەشکرد، لەگەڵ ئەحمەد شەرع باسمان لەو هەنگاوانە کردووە کە بۆ لابردنی سزاکان پێویستن.
ئەوەشی خستەڕوو، بە "ئەحمەد شەرع"م راگەیاندووە، پێویستە سووریا ئەو چەکە کیمیاییانە لەناو ببات کە بەشار ئەسەد لە دوای خۆی جێیهشتوون، پێکەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ شەڕی دژی "تیرۆر" بکەن و بابەتی ئەو چەکدارە بیانییانەش چارەسەر بکات کە لە ریزەکانی دەستەی تەحریری شامدا بوون و دەبێت ئەحمەد شەرع دڵنیایی بە ئیسرائیل بدات.