هەرێم نیوز
ڕاوێژکارێکی باڵا لە ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی ڕایگەیاند، ئەو هەماهەنگیی و هەمەچەشنییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە و نموونەیەکە پێویستە جیهان چاوی لێ بکات.
جۆن دیکسن، ڕاوێژکاری باڵا لە ڕێکخراوی ئاشتیی جیهانی، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان بەربەست لەنێوان کۆمەڵگەکان بەدی ناکرێت و لە پایتەختی ئەمەریکا سەلامەتتر و ئارامترە، ئەو هەماهەنگیی و هەمەچەشنییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە، بۆیە نموونەیەکی مەزنە تا هەموو جیهان چاوی لێ بکەن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستان حکوومەت بە شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ کەمینەکان دەکات، تەنانەت نەیویستووە ناویان لێبنێت کەمینە، بەڵکو ناوی کردوون بە پێکهاتە، تا بە هیچ شیوەیەک جیاکاری دروست نەبێت.
لەبارەی ڕۆژی نزای نیشتمانییەوە، دەڵێت، میوانداریکردنی ڕۆژی نزای نیشتمانی هەنگاوێکی گەورەیە بۆ پێشەوە و دەستپێشخەرییەکی نایابە و لە هەرێمی کوردستان دەرفەت بۆ گەشتکردنی ئایینی ناوازیە و زۆر دەگمەنە و ئێرە شوێنی سەرەکی لەدایکبوونی هەموو ئایینییە ئیبراهیمییەکانە.
ئەوەشی خستەڕوو: پێویستە خەڵك ببینن هەرێمی کوردستان چەند سەلامەت و ئارامە و پێیان دەڵێم ئێرە لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا سەلامەتترە.