هەرێم نیوز
ترەمپ لەبارەی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران ڕایگەیاند: پێم وایە بەباشی بەرەوپێش دەچێت. هاوکات وتیشی ئێران دوو بژاردەی لەبەردەسته، کە یەکێکیان هیچ باش نییە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی نۆروێژ لە ئۆفیسی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا لە پڕۆسەی وتووێژ لەگەڵ ئێران کۆبوونەوەی جیددی هەبووە.
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: پێموایە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران بە باشی دەڕوات، ڕەنگە بگەین بە بڕیارێکی زۆر باش و ڕەنگە گیانی زۆرێک ڕزگار بکرێت".
ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە ئێران دوو بژاردەی لەبەردەسته، کە یەکێکیان هیچ باش نییە.
هەردوو سەرکردەکە لە وتارەکانیاندا جەختیان لەسەر ڕاگرتنی شەڕە بەردەوامەکانی جیهان کردەوە.
هەر لەم دیدارەدا مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: هیچ سەرکردەیەکی سیاسی لە جیهاندا هێندەی ترامپ ماندوو نەکردووە بۆ وەستاندنی شەڕەکە، هەر بۆیەش لەگەڵ ئێران قسە دەکەین.
لە پاڵ دانوستان لەگەڵ ئێران، ترەمپ کەرەستەی جەنگی زۆری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان، هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران وەک بژاردەی دووەم لەبەرچاو دەگیرێت.