هەرێم نیوز
لە کاتێکدا پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا گەرمە لە لوبنان و ئەو گرووپە چەکدارییەش بەوە ناسراوە بەپاڵپشتی تەواوەتی ئێران دروستبووە و گەشەی کردووە، ئێستا ئێران ڕەتی کردووەتەوە دەستوەردان لە پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵا بکات.
موجتەبا ئەمانی، باڵیۆزی ئێران لە بەیروت، پرسی چەکداماڵینی حیزبوڵڵای لوبنانی بە "بابەتی ناوخۆی لوبنان" ناوبرد و ڕایگەیاند، تاران "دەستوەردانی تێدا ناکات".
حیزبوڵڵای لوبنان یەکێکە لە یەکەمین گرووپە میلیشیاکانی ئێران لە ناوچەکەدا کە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بە پشتیوانی سوپای پاسدارانی ئێران دامەزرا.
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان کە حکومەتەکەی لەژێر فشاری ئەمریکادایە بۆ ناچارکردنی حیزبوڵڵا بۆ دانانی چەکەکانی، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، چەکداماڵینی حیزبوڵڵا پرسێکی "هەستیارە"ە کە دەبێت لە هەلومەرجێکی دروستدا ئەنجام بدرێت. هۆشداریشیدا لەوەی گەیشتن بەم ئامانجە بە زۆرەملێ دەتوانێت وڵات بەرەو وێرانکاری ببات.
نەعیم قاسم، سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان، دوو ڕۆژ پێش قسەکانی عەون ڕایگەیاندبوو، ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات چەکیان لێ داماڵن و حیزبوڵڵا ئامادەیە تاوتوێی "ستراتیژی بەرگری" بکات، بەڵام نەک لەژێر فشاری ئیسرائیلدا.