دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکایە بەبەهای 100 ملیار چەک بە سعودییە دەفرۆشێت

 هەرێم نیوز

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە شەش سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا لە سەردانەکەی ترەمپ بۆ ئەو وڵاتە لە مانگی ئایاردا، ئامادەیە پاکێجێکی چەک بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار پێشکەش بە سعودیە بکات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاکێجەکە کەرەستەی سەربازیی بەڵێندەرە گەورەکانی بەرگری ئەمریکا لەخۆدەگرێت کە بریتین لە بۆینگ، نۆرسرۆپ گرومن و جەنەراڵ ئەتۆمیک.

پێشتر ئیدارەی جۆ بایدن، نەیتوانی ڕێککەوتنێکی بەرگری لەگەڵ سعودییەدا واژۆ بکات، ئەو ڕێککەوتنەش بڕیاربوو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی فراوانتردا بێت کە تێیدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودییەی لەگەڵ ئیسرائیل لەخۆدەگرت.

پێشنیازی ئیدارەی بایدن، دەستڕاگەیشتنی سعودییە بوو بە چەکی پێشکەوتووتری ئەمریکی، ئەمەش لە بەرامبەر ڕاگرتنی کڕینی چەک لە چین و سنووردارکردنی وەبەرهێنانەکانی پەکین لە سعودیە.

ئەمریکا لە مێژە چەک بۆ سعودیە دابین دەکات. ترەمپ لە ساڵی 2017دا نزیکەی 110 ملیار دۆلاری بۆ فرۆشتنی چەک بە ڕیاز پێشنیار کرد.

تا ساڵی 2018 تەنها 14.5 ملیار دۆلار لە فرۆشەکە دەستیپێکردبوو، و کۆنگرێسی ئەمریکا بەهۆی کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی ڕێککەوتنەکەی خستەژێر پرسیارەوە.

لە ساڵی 2021 و لە سەردەمی سەرۆکایەتی بایدن، کۆنگرێس وەک "کاردانەوە بە کوشتنی خاشقچی و بۆ فشارخستنە سەر سعودیە بۆ کەمکردنەوەی شەڕی یەمەن، قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەری بە سعودیە سەپاند."

ئیدارەی بایدن لە ساڵی 2022 هەڵوێستی خۆی نەرمکرد بەرامبەر بە سعودیە، ئەمەش دوای ئەوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کاریگەری لەسەر دابینکردنی نەوتی جیهانی هەبوو. قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەکی هێرشبەری لە ساڵی 2024 هەڵگیرا، ئەمریکا لە نزیکەوە لەگەڵ ڕیاز کاریان کرد بۆ داڕشتنی پلانێک بۆ غەززەی دوای جەنگ.

هەرچەندە ئەمریکا دڵنیای دەدات لەوەی کە ئیسرائیل هاوپەیمانە نزیکەکەی، چەکی ئەمریکی پێشکەوتووتر لە وڵاتانی عەرەبی وەردەگرێت، بەمەش ئیسرائیل "باڵادەستی سەربازی" بەسەر دراوسێکانیدا دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP