دواین هەواڵ

جیهان‌

 24 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ: دانوستان لەگەڵ ئێران نەکرێت خۆم پێشەوایەتی شەڕەکە دەکەم

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایم، ڕایگەیاند، ئامادەیە لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، یان مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کۆببێتەوە. هاوکات دەشڵێت ئەگەر دانوستان سەرنەگرێت خۆم سەرپەرەشتی هێرش بۆ سەر ئێران دەگرمە ئەستۆ.

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان لەگەڵ ئێران شکست بهێنن، ڕەنگە بەشێوەیەکی شەخسی و خۆبەخشانە بچێتە نێو شەڕەوە. وتیشی: "ئەگەر هیچ ڕێککەوتنێک نەکرێت، من خۆم پێشەنگایەتی شەڕەکە دەکەم".

ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە دەستپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران و ئەگەری کۆبوونەوە کردن لەگەڵ سەرۆککۆمار یان ڕێبەری باڵای ئێراندا وتی: "بەڵێ".

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە ڕێگری لە ئیسرائیل کردووە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران کردووە، وتی: ئەمە ڕاست نییە. من ڕێگریم لێنەکردن، بەڵام شتەکانم ئاسانکاریشم بۆ نەکردن، چونکە پێموایە بەبێ هێرشکردن دەتوانین بگەینە ڕێککەوتن. ڕەنگە ئێمە ناچار بین هێرش بکەین، چونکە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت. بەڵام نەمگوت مەیکەن. لە کۆتاییدا بڕیارەکەم بۆ ئەوان جێهێشت، بەڵام گوتم پێم باشە پێش جەنگ ڕێککەوتنێک بکرێت".

پاشان پەیامنێرەکە لە ترەمپی پرسی: ئایا نیگەرانی ئەوەن نەتانیاهۆ بتکێشێتە ناو شەڕەوە؟ ترەمپ لە وەڵامدا وتی: نەخێر. هەڵبەتە ڕەنگە بچێتە شەڕەوە. "بەڵام ئێمە بە زۆر ناچینە ناو شەڕەکەوە".

لە وەڵامی پرسیاری: ئەگەر ئیسرائیل بچێتە ناو شەڕەکەوە، ئایا ئەمریکا لە دەرەوە دەمێنێتەوە؟ ترەمپ وتی: نەخێر، من ئەوەم نەوتووە. پرسیت ئایا دەمکێشێتە ناو شەڕەوە، واتە من بە بێ ئیرادە دەچمە ناو شەڕەوە. نەخێر، ڕەنگە زۆر ئامادە بم بچمە شەڕەوە ئەگەر نەتوانین بگەینە ڕێککەوتن. ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت من لە ڕیزی پێشەوەی شەڕ دەبم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP