دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەمریکا لە ماوەی پێنج هەفتەدا 750 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر حوسییەکان

هەرێم نیوز

دوای پێنج هەفتە لە گەڕی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی چەکدارانی حوسییەکان لە یەمەن، سەرچاوە ئەمریکییەکان باسیان لە زیادبوونی بەرچاوی ئەم ئۆپەراسیۆنانە کردووە. بەرپرسێکی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە بە کەناڵی ABC Newsی ڕاگەیاند کە لە 15ی ئازارەوە ئەمریکا نزیکەی 750 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حوسییەکان ئەنجامداوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە حوسییەکان لە سەرەتای مانگی ئازارەوە حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9 Reaper ی هێزی ئاسمانی ئەمریکایان خستۆتە خوارەوە. شەش لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە دوای 15ی ئازار لەناوچوون و تەنها لە هەفتەی کۆتاییدا سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەناوچوون.

فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی MQ-9 Reaper ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە سیخوڕی و چاودێری و دەستنیشانکردنی پێگەکان، زانیاری ساتبەسات سەبارەت بە ناوچە ئامانجدارەکان دابین دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەزگای توێژینەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا، هێزی ئاسمانی ئەمریکا نزیکەی 280 لەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی هەیە کە تێچووی هەر فڕۆکەیەک نزیکەی 28 ملیۆن دۆلارە.

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە کەڵک وەرگرتن لە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی دەریایی F/A-18 Hornet لە دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری جێگیر لە ناوچەکە ئەنجام دراون. جگە لەوەش 12 فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری B-2 لە بنکەی دیێگۆ گارسیا لە زەریای هیندیش بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە.

بەگوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، تێچووی ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەهۆی گواستنەوەی ئامێر و سەرچاوەی زیاتر بۆ ناوچەکە، تەنیا تا سەرەتای مانگی نیسان نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بۆ ئازووقەی جەنگی خەرج کراوە. بەپێی خەمڵاندنەکان بەم نزیکانە ئەم تێچوونە بگاتە یەک ملیار دۆلار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP