هەرێم نیوز
ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێر 11:35، خولەکی پێش نیوەڕۆ د.لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی کۆماری لە بەغدا، ئیمزای لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد.
بە واژۆکردنی یاساکە، پرۆسەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق هەنگاوێکی گرنگ دەبڕێت و دەنێردرێت بۆ وەزارەتی داد بۆ ئەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی "وەقائیعی عێراق"ـی بڵاوبکرێتەوە و بخرێتە بواری جێبەجێکردن.
سەرۆک کۆماری عێراق، ئەو قەڵەمەی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پێ ئیمزا کرد، دای بە نوخشە ناسح، پارێزگاری بە وەکالەتی هەڵەبجە.
هاوکات ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە "ڕۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو، 5ی5ی2025، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ڕۆژنامەی فەرمیی عێراق (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە و لەو ڕۆژەوە، هەڵەبجە بە فەرمی دەبێتە 19ـەمین پارێزگای عێراق."
حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2013 ڕەشنووسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی ڕادەستی نوری مالیکی، سەرۆکی ئەو کاتەی حکومەتی عێراق کرد.
دواتر لە 13ی ئاداری 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی دەرکرد. ڕۆژی 14ی نیسان پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دا، بەمەش هەڵەبجە بوو بە نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق.