دواین هەواڵ

کوردستان‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

دەم پارتی: لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەحمەد تورک دەگەڕێتەوە نێو سیاسەت

هەرێم نیوز

پارتی دەم پارتی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردەوە، "ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورە شارەوانی ماردین، قۆناغی وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی بەسەرکەوتووی بەڕێکرد، ئێستا ماوەی چارەسەری تیشک دەستی پێکردووە. لە دڵەوە بڕوامان بەوە هەیە کە دەگەڕێتەوە ناومان و درێژە بە کارەکانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەدات".

دەم پارتی رایگەیاند، ئەحمەد تورک سیاسەتکاری دیاری باکووری کوردستان و ئەندامی شاندی ئیمراڵی قۆناخی چارەسەریی کیمیایی تێپەڕاندووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە بۆ نێو سیاسەت.

لە راگەیەنراوێکیدا دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەحمەد تورک تەندروستی باشترە و قۆناغی چارەسەریی کیمیایی تێپەڕاندووە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە نێو سیاسەت و لە هەوڵ و چالاکییەکانی بۆ ئاشتیی بەردەوام دەبێت.

ڕۆژی 21ی ئەم مانگە، ئەحمەد تورک بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کرا کە تووشی وەرەمی سییەکان بووە.

ئەحمەد تورک لەئێستادا چارەسەر وەردەگرێت، هەروەها سەرەڕای ئەوەی نەخۆشی دڵی لەگەڵدایە، بەهۆی نەخۆشی سییەکانییەوە ماوەی سێ مانگە چارەسەریی کیمیاویی وەردەگرێت.

ئەحمەد تورک، لە هەڵبژاردنەوەکانی 31ی ئاداری 2024، سەرۆکی گەورە شارەوانی ماردین بوو، بەڵام دواتر لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و قەیووم لە شوێنەکە دانرا، لە هەمان کاتدا ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ ئیمڕالی، تەنیا لە سەردانەکانی سەرەتا لەگەڵیان بوو، دواتر بەهۆی تێکچوونی دۆخی تەندروستی نەیتوانی بەردەوام بێت. هاوکات ئەحمەد تورک لە 27ی شووبات دەقی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بۆ پرۆسەی ئاشتی بە کوردی خوێندەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP