دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی و یەکێتی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کۆدەبنەوە

هەرێم نیوز

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت کۆدەبنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەی باڵای یەکێتی و پارتی دەکەن کە بڕیارە لە شارۆچکەی دوکان بەڕێوەبچێت.

شاندی باڵای پارتی و یەکێتی پێشتر چەندینجار لە ئاستی باڵا و تیمی تەکنینی بۆ پیکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کۆ بوونەتەوە، ئێستاش گەیشتوونەتە قۆناغی دابەشکردنی پۆستەکان.

سەرکردەکانی ئەم دوو حزبە جەخت لەوەدەکەنەوە، لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی نوێی حکوومەت پێک دەهێنرێت.

بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دوا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە 17ی ئەم مانگە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بەڕێوەچوو، کە دوو کۆبوونەوەی لە خۆ گرت، یەکەمیان لە نێوان هەردوو شاندی تەکنیکی پارتی و یەکێتی بوو، دووەمیشیان لە نێوان شاندی باڵای هەردوو پارتەکە بوو.

لای خۆشیەوە سەعدی پیرە وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا زۆر لایەنی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت یەکلا بکرێتەوە.

رۆژی  20ی10ی2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پارتی و یەکێتی براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکە بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP