هەرێم نیوز
حکومەتی عێراق هێنانی کرێکارانی "سووریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادیش و فلیپین" بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێکارانی بیانی دەڵێت، بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
حەسەن خەوام، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بریاری قەدەغەکردنی هێنانی کرێکاری بیانی، کرێکارانی "سووریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادیش و فلیپین" دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەكەیان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران، بە ژمارە (24832)ی ساڵی (2024)، کە مەرجی داناوە هەر وەبەرهێنەرێک یان خاوەن کارێک، ئارەزوی دامەزراندنی پرۆژە دەكات، دەبێت لە (80%) کارمەندانی ناوخۆ کار پێ بکات و (20%) کرێکارانی بیانی بن.
هاوکات، محمەد مەحمود، سەرۆکی کۆمەڵەی کرێکارانی بیانی لەوبارەیەوە ئاشکرایکرد، بڕیاری قەدەغەکردنی هێنانی کرێکارانی بیانی لە وڵاتانی سوریا، ئیندۆنیزیا، پاکستان، بەنگلادش و فلیپین نوێ نییە و لە هەرێمیش جێبەجێدەکرێت.