هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێم رایگەیاند، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی فۆرمی خۆراک خێراتر دەکرێت و لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە، پرۆسەکە لەڕێگەی فۆرمەوە تەواوبووە، ئێستا قۆناغی تۆمارکردنی هاووڵاتییان لە ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە خۆراک دەستپێدەکات.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەماوەیەکی نزیکدا لە پارێزگای هەڵەبجە دەست بە تاقیکردنەوەی سیستەمەکە دەکرێت، بۆ دڵنیابوونەوە لێی و چارەسەرسەرکردنی کێشەکانی.
نەوزاد شێخ کامیل ئاشکرای کرد، تۆمارکردن لەڕێگەی کارتی نیشتمانییەوە دەبێت، هەر هاووڵاتییەک کارتی نیشتمانی نەبێت، بێبەش دەبێت لە بەشە خۆراکی مانگانە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، دوای هەڵەبجە، پرۆسەکە دەگاتە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، ئاماژە بەوەشدەکات، سەرەتا ئەپڵیکەیشنێک لە پلاتفۆرمی تیلیگرام بۆ بریکارەکانی خۆراک دادەنرێت، بریکارەکانیش ئەپلیکەیشنەکە دادەبەزێنن بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بەشە خۆراکییان لای بریکارەکەیە، بریکارەکان و هاووڵاتییان بەیەکەوە دەبەسترێنەوە، دواتر هاووڵاتییەکان و بریکارەکان دەبەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی لە شارەکان.
دەشڵێت: دوای ئەو پرۆسەیە، هەر هاووڵاتییەک دەتوانێت لەڕێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە، وێنەی کارتی نیشتمانی منداڵ و خێزانەکەی خۆی بۆ بریکار بنیرێت، بریکارەکەش بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دەینیرێت، بەم شێوەیە بەڕێوەبەرایتییەکان لە کەمبوون و زیادبوونی ژمارەی خێزانەکان ئاگەدار دەبن.
ئاشکراشی کرد، هەر هاووڵاتییەک کارتی نیشتمانییەکانی نەنێرێت بەو ئەپلیکەیشنە، بەشەخۆراکی ڕادەگیرێت تاکوو ئەپلیکەشنەکە لەسەر مۆبایلی دادەبەزێنێت.