هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجامی دەرچووانی قۆناغی دوانزەی ئامادەییان لە وەزارەتی پەروەردەوە پێگەیشتووە و کۆتایی هەفتەی داهاتوو زانکۆلاین کارا دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 10ـی 9ـی 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوییکردەوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن ٤٠ هەزار و ٧١٦ دەرچووی بەشەکانی زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامەکانیان ڕەوانە کراوە.
هاوكات عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا زانکۆلاین کارا دەکرێت و دەرچووان لە یەک کاتدا دەتوانن داواکاری بۆ خوێندنی ڕاستەوخۆ، پارالێل و ئێواران لە ١٦ زانکۆی حکومیی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ پێشکەش بکەن.