هەرێم نیوز
تیمی پرۆژەی ڕووناکی ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی هاووڵاتییان کردەوە و ڕایگەیاند، لێخۆشبوونی ٥٠٪ی قەرزی کۆنی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی تەنیا تا ١٠ی ئەیلوول بەردەوام دەبێت و وادەکەی بە هیچ جۆرێک درێژ ناکرێتەوە.
ئاماری سوودمەندبووان لە لێخۆشبوونەکە
ئەمڕۆ هەینی، ٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، تیمی پرۆژەی ڕووناکی ئاشکرایان کرد کە پێشوازییەکی بەرفراوان لە بڕیارەکە کراوە و ئامارەکانیان بەم شێوەیە ڕاگەیاند:
• ژمارەی سوودمەندبووان: نزیکەی ٣٨٠ هەزار هاوبەشی کارەبا تاوەکو ئێستا لە دابەزاندنی قەرزەکان سوودمەند بوون.
•پرۆسەی پارەدان: زیاتر لە دوو ملیۆن مامەڵەی پارەدان لە ڕێگەی سیستەمی "ئی-پسووڵە"وە ئەنجام دراوە.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێژەی داشکاندنەکان
بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی کۆنی کارەبا لە مانگی ئابی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەسەندکرا.
بەپێی بڕیارەکە، ڕێژەی داشکاندنەکان بەم شێوازەیە:
•ڕێژەی ٥٠٪: بۆ بەشداربووانی ماڵان و پرۆژە کشتوکاڵییەکان.
•ڕێژەی ٢٥٪: بۆ پرۆژە بازرگانی، پیشەسازییەکان و فەرمانگەکانی حکوومەت.
تیمی پرۆژەی ڕووناکی جەخت دەکەنەوە کە ڕۆژی ١٠ی ئەیلوول دوایین مۆڵەت دەبێت و دوای ئەو بەروارە بڕیاری لێخۆشبوونەکە بۆ هیچ کەسێک درێژ ناکرێتەوە.