دواین هەواڵ

ئابوری‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

سبەی دوا وادەی تۆمارکردنی مووچەخۆرانە لە پرۆژەی "هەژماری من"

هەرێم نیوز

لە سبەی دووشەممەوە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی کاش لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی کۆتایی پێدێت، هەر مووچەخۆرێکیش خۆی لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکردبێت، بەغدا مووچەکەی ڕادەگرێت.

کۆتاییهاتنی دابەشکردنی مووچە بە کاش
حکوومەتی فیدراڵیی عێراق دواوادەی بۆ کۆتاییهاتنی دابەشکردنی پارەی کاش دیاری کردووە و جەخت لەوە دەکاتەوە لە دوای ٣١ی ئابی ٢٠٢٦، دابەشکردنی مووچە بە شێوازی کاش نامێنێت و سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت لە ڕێگەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە مووچە و شایستە داراییەکانیان وەربگرن.

بەپێچەوانەوە، هەر مووچەخۆرێک تا ئەو ڕێککەوتە خۆی تۆمار نەکردبێت و کارتی بانکییەکەی وەرنەگرتبێتەوە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە مووچەکەی ڕادەگیرێت تا ئەو کاتەی مامەڵەکانی بە تەواوی جێبەجێ دەکات.

ئامارەکانی تۆمارکردن و ڕێنماییەکان بۆ مووچەخۆران
تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٪٩٧ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی ناوی خۆیان لە پڕۆژەکەدا تۆمار کردووە و ٩٢٢ هەزار کەس بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
تیمی "هەژماری من" ئاگاداری مووچەخۆران دەکاتەوە، ئەگەر تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە یان کارتی بانکییەکەیان وەرنەگرتووەتەوە، پێویستە بە زووترین کات سەردانی بنکەکانی تۆمارکردن بکەن و ڕێکارەکان تەواو بکەن، بۆ ئەوەی دووچاری ڕاگرتنی مووچەکانیان نەبنەوە.

دۆخی کارتە بانکییەکان و هێڵی گەرم
بەپێی زانیارییەکانی تیمی پڕۆژەکە، نزیکەی ١٣٠ هەزار کارتی بانکی هێشتا لەلایەن خاوەنەکانیانەوە نەبردراونەتەوە، لەم هەفتەیەشدا ٥٠ هەزار کارتی دیکە بۆ بانکە گشتییەکان دەنێردرێن.

تیمی هەژماری من ڕوونی کردووەتەوە کە بۆ هەر سوودمەندێک کارتەکەی ئامادە بێت، کورتەنامەیەکی (SMS) بۆ دەنێردرێت و شوێنی وەرگرتنەوەی کارتەکەی تێدا دیاری دەکرێت. ئەو مووچەخۆرانەشی کورتەنامەیان پێ نەگەیشتووە، دەتوانن لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە سەنتەری خزمەتگوزاری لە ڕێگەی ژمارە (١٩٩١) زانیاری لەبارەی کارتەکەیانەوە وەربگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP