دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

لە بەربەستی سەربازییەوە بۆ جەنگی ئابووری؛ هاوکێشە ئاڵۆزەکەی تڕەمپ بەرامبەر ئێران

شەش مانگ دوای هەڵگیرسانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ناو ئاڵۆزترین داڕمانی جیوپۆلەتیکی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە؛ ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ چەکی "ڕۆژی حسابی ئابووری" خستووەتە گەڕ بۆ بەزاندنی تاران، بەڵام هاوکێشەکە نە سەرکەوتنی ڕەهای بۆ واشنتن تۆمارکردووە و نە ئێرانیشی ناچاری تەسلیمبوون کردووە.

لە شیکارییەکی وردبینانەدا، ڕۆژنامەی "ئەلشەرقولئەوسەت" دیدگای سێ شارەزای باڵای ئەمریکی خستووەتە ڕوو کە ڕووداوەکان شیکار دەکەن:
 وەستان لە نیوەی ڕێگە و بێدەرچەیی ستراتیژی: ئالێکس فاتانکا، توێژەر لە پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژە بەوە دەکات گەورەترین کێشەی واشنتن و تاران، نەبوونی ڕوئیایەکی ڕوونە بۆ کوێی شەڕەکە.

 

ئیدارەی تڕەمپ ڕۆژانە هەوڵ دەدات لەناو کەشێکی پڕ لە ئاڵۆزیدا ڕێگەی دەرچوون بدۆزێتەوە، بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی سیاسی هەبێت.

 گرەوی سزاکان لەبەرامبەر بەهێزبوونی تاراندا: نیکۆلاس کارل، لە پەیمانگەی ئەمریکان ئینتەرپڕایز، ڕوونی دەکاتەوە واشنتن هەموو قورسایی خۆی خستووەتە سەر گوشاری ئابووری تا تاران ناچاری پاشەکشە بکات.

بەڵام تاران نەک تەسلیم نەبووە، بەڵکو دوای دەربازبوونی لە ئاگری شەڕە سەربازییەکە، هەست بە بەهێزیی زیاتر دەکات و دەستی بە داواکارییە مەحاڵەکان کردووە—لەوانە کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز—کە ئەمەش هێڵی سووری واشنتنە و دانوستاندنەکانی تووشی بنبەست کردووە.

 سزای دوورمەودا و ترسی بەگڕهاتنەوەی ناکاوی شەڕ: رافایێل کۆهین، بەرپرسی بەرنامەی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێکخراوی "ڕاند"، جەخت دەکاتەوە کە چەکی سزای ئابووری پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە تا ئازارەکانی سەر ڕژێم دەربکەون، چونکە تڕەمپ درکی بەوە کردووە ئۆپۆراسیۆنە سەربازییەکان نەیانگەیاندووەتە ئامانج. بەڵام گەورەترین مەترسی بە لای کۆهینەوە، "زلیسکانی ناکاو"ە؛ چونکە تەنیا یەک ڕووداوی نەخوازراو یان دەستڕێژکردن لە کەشتییەک لە گەرووی هورمزدا، بەسە بۆ ئەوەی ڕەوشەکە لە جەنگێکی ئابوورییەوە ڕاستەوخۆ وەربچەرخێتەوە بۆ بارووتی جەنگێکی سەربازیی بەرفراوان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP