لە هەنگاوێکی ئامادەکاریی بەرگریی بێپێشینەدا، وڵاتی یۆنان سیستمی بەرگریی مووشەکیی "پاتریۆت"ی لە دوورگەی کارپاتۆسەوە گواستەوە بۆ دوورگەی کریپت لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیی ناوەڕاست، ئەوەش وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان لەبارەی ئەگەری بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا لەلایەن ئێرانەوە.
سەرچاوە سەربازییەکانی ئەسینا ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوپای یۆنان کەوتووەتە ئامادەباشیی تۆکمەوە، دوای ئەوەی ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" لە زاری سەرچاوەکانی تارانەوە ئاشکرای کرد کە سوپای ئێران سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی بژاردەی فراوانکردنی بازنەی وەڵامدانەوەکانێتی بۆ دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەی بەڵقان و دەریای سپیی ناوەڕاست. بەپێی هەڵسەنگاندنە ئاسایشییەکان، تاران هێشتا خاوەنی مووشەکی بالیستییە کە مەوداکەیان لە ٢,٠٠٠ کیلومەتر زیاترە و دەتوانن بگەنە ئامانجە سەربازییەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، بە تایبەت بنکەی سەربازیی "سودا" لە کریپت کە ناوەندێکی سەرەکیی هێزەکانی ئەمریکا و پەیمانی ناتۆیە.