هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پارێزگای بەسرە، تۆڕێکی گەورەی ساختەکاری و فێڵکردنی هەڵوەشاندەوە کە لە ڕێگەی ساختەکردنی مامەڵەی قەرەبووکردنەوەوە ملیاران دیناریان بەدەستهێنابوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی 8ـی 2026، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و تاوانی ڕێکخراو، و بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگری و چاودێریی مەیدانی، تیمەکانیان پاش وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادگا، توانیویانە تۆڕێکی ساختەکاری و فێڵکردن لە پارێزگای بەسرە ئاشکرا بکەن و هەڵیوەشێننەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئۆپەراسیۆنەکە بە دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی سەرەتایی دەستی پێکردووە کە لە ڕێگەی ساختەکردن و مامەڵەکردن بە کەیسەکانی قەرەبووی زەوییەکانی کێڵگەی نەوتی (قورنەی ڕۆژئاوا)، دەستی بەسەر ملیاران دیناردا گرتبوو.
لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 36 مۆری فەرمیی دامەزراوە حکومی و عەشایەرییەکان، بڕێکی زۆر پارە، و چەندین موڵک و باڵەخانەی نیشتەجێبووندا گرتووە کە لە ئەنجامی ئەو چالاکییە تاوانکارییانەوە دەستیان کەوتبوو.
ئاسایشی نیشتمانی ڕوونیشی کردووەتەوە، پاش لێکۆڵینەوە و تەواوکردنی ڕێکارەکان، شوێنی دوو هاوبەشی سەرەکیی ئەو تۆڕە ئاشکرا کرا و دەستگیر کران، کە یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەڕێوەبەری بەشێکە لە قەزاکانی پارێزگاکە و بەمەش ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتە سێ کەس.
سەرجەم تۆمەتبارانیش بەپێی ڕێکارە یاساییەکان ڕاگیراون و ڕەوانەی دادگا کراون بۆ وەرگرتنی سزای یاساییان.