هەرێم نیوز
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی توندی هێرشە درۆنییەکەی سەر نووسینگەی تایبەتیی خۆی و ماڵی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن دەکات و جەخت دەکاتەوە کە ئەم پەڕەسەندنە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
سەرکۆنەکردنی توندی هێرشە درۆنییەکە
ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٦، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند، بەپێی لێکۆڵینەوە و زانیارییە پشتڕاستکراوەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئۆفیسی تایبەتی خۆی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە هێرشێکی درۆنیی ئێرانیدا کراونەتە ئامانج.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد: "بە توندترین شێوە، ئەم هێرشە ناڕەوا و قبووڵنەکراوانە سەرکۆنە و شەرمەزار دەکەم."
پاراستنی سەقامگیری و بەردەوامی لە ئەنجامدانی ئەرکەکان
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە هەنگاوێکی مەترسیدارن و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
هەروەها سەرۆکی حکوومەت جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە هەرگیز ناتوانن ئەوان بوەستێنن لە بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان و پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دژەتیرۆری کوردستان له راگهیهندراوێكدا باسی لهوهكردوه، "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە دو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-١١٠) لە دیوی سنوری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نوسینگەی تایبەتی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتەوە".
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژهی بهوهكردوه، "ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و بەهیچ شێوەیەک مایەی قبووڵکردن نین، تەواوی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانیشی لە ئەستۆی ئەنجامدەرانیدایە".
سهرهڕای ئهوهی لهماوهی رابردودا نزیكهی ههزار جار هێرشكراوهته سهر ههرێمی كوردستان بهڵام هێرشكردنه سهر نوسینگهی تایبهتی سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان بێپێشینهیه، تاوهكو ئێستا ئێران و گروپه چهكدارهكانی سهر بهو وڵاته بهرپرسیارێتی خۆیان له هێرشهكه رانهگهیاندوه.