هەرێم نیوز
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاشکرای دەکات، نزیکبوونەوەیەکی باش لە نێوان پارتی و یەکێتیدا هەیە و هەنگاوەکان بەرەو کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچن.
نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی قۆناخەکە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، یەکێتی لە زۆر قۆناخی گرنگدا هاوپەیمانی پارتی بووە. جەختیشی کردەوە کە قۆناغەکە لەبەر پێکنەهێنانی حکوومەت و کارانەکردنەوەی پەرلەمان زۆر هەستیارە، بەتایبەتی بۆ پارتی و یەکێتی وەکو دوو حزبی سەرەکی تاوەکو بە بەرپرسیاریەتییەوە ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکان، عەلی حوسێن ئاماژەی بەوە کرد کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بێ ئەوەی بۆ ڕاگەیاندن ئاشکرا بکرێت دانیشتنیان هەبووە، لەم هەفتەیەشدا دانیشتنی دیکە بەڕێوە دەچێت و گوتی: "پارتی هەمیشە نەرمی نواندووە بەرامبەر یەکێتی، ئێستاش حیسابی ئەوەمان نەکردووە یەکێتی ٢٣ کورسیی هەیە، بەڵکو حیسابی ئەوەمان کردووە کە هاوبەشی ئێمەیە؛ بەڵام دەبێت ڕێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵکیش بگیرێت."
ڕەتکردنەوەی پێشنیازێکی نەوەی نوێ
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی حوسێن ئاشکرای کرد کە ئەیلوولی پار جووڵانەوەی نەوەی نوێ پێشنیازی کردووە ١٥ کورسییەکەی خۆیان بخەنە پاڵ پارتی تاوەکو حکوومەتی هەرێم بەبێ یەکێتی پێکبهێنن، بەڵام پارتی لەبەر دوو هۆکار ڕەتی کردووەتەوە؛
یەکەمیان بەهۆی ئەوەی پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکترن و نەیانویستووە بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبهێنن،
دووەمیشیان لەبەر ئەوەی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان بووە و ویستوویانە دوای ئازادبوونی بە ئازادی گفتوگۆ بکەن.