دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

گەردوونناسێکی کورد: کوردستان کەوتووەتە سەر ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزە و پێویستە ئامادەکاری بکرێت

هەرێم نیوز

گەردوونناسێکی کورد کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە ئاشکرای دەکات، هەرێمی کوردستان کەوتووەتە سەر ناوچەیەکی چالاکی بوومەلەرزە و داوا دەکات هەر لە ئێستاوە ئامادەکاریی پێویست لە کەرتی بیناسازی و فریاگوزاریدا بکرێت.

کوردستان لەسەر هێڵی چالاکی بوومەلەرزەیە
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئابی ٢٠٢٦، لوقمان حەوێز، گەردوونناسی کورد نەخشەیەکی ناوچەی چالاکی بوومەلەرزەی بڵاو کردەوە کە پشتی بە داتاکانی دامەزراوەی ڕووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکی (USGS) بەستووە.
لە نەخشەکەدا دەردەکەوێت کە هێڵی بەیەکگەیشتن و دابڕانی پلێتی تەکتۆنیی عەرەبی و پلێتی ئۆراسی (شەقبوونی ناوچەی زاگرۆس) بە ناو جەرگەی کوردستانی گەورەدا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی لە نزیک سنووری باشوور لەگەڵ ڕۆژهەڵات و باکوور.

لوقمان حەوێز جەختی کردەوە، ئەمە مانای ئەوە نییە بەم زووانە بە شێوەیەکی مسۆگەر بوومەلەرزەیەکی بەهێز ڕوو دەدات، بەڵام ئەگەری ڕوودانی لە چەندین ساڵ یان دەیەی داهاتوودا سەدا سەد لە ئارادایە، بەتایبەتی لە دیوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی هێڵی بەیەکگەیشتنەکە مەترسییەکە بەهێزترە.

پێشنیازەکان بۆ خۆئامادەکردن و کەرتی بیناسازی
ئەو گەردوونناسە کوردە ڕایگەیاندووە کە نایەوێت ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو بکاتەوە، بەڵام پێویستە هەرێمی کوردستان لە بواری ئەندازیاریی بیناسازی، بەهێزکردنی ڕێنماییەکانی باڵەخانەکان و پێشخستنی تیمەکانی فریاگوزاری بە ئامێری هاوچەرخ ئامادەکاری بباتە پێشەوە.

لەبارەی ڕێکارەکانی بیناسازی، لوقمان حەوێز چەند پێشنیازێکی خستووەتە ڕوو:
•جێگیرکردنی شیش لە دیواردا: بەکارهێنانی شیشی ئاسن بە شێوەی ستوونی لە بناغەی دیوارەکەوە تا سەرەوە لە ناو کەلێنەکانی بلۆکدا و پڕکردنەوەیان بە چیمەنتۆ بۆ ڕێگری لە داڕمانی بەپەلە.

•پەیکەری سەرەکی: بەکارهێنانی سیستمی پەیکەری ئاسن یان کۆنکریتی چڕکراو بە شیشی قورس.

•دیوارە ناوەکییەکان: بەکارهێنانی دیواری هاوچەرخی سووک بۆ کەمکردنەوەی باری سەر پەیکەری باڵەخانە.

•سڵاپی نهۆمەکان: بەکارهێنانی سڵاپی تەنک لەگەڵ تۆڕی ئاسنی BRC و چێنکۆ یان سیستمی پێشکەوتوو بۆ دابەزاندنی کێشی باڵەخانە.

•باڵەخانە بەرزەکان: ڕەچاوکردنی وردی هێزی بڕین و پێچخواردن لە پایەکاندا تا باڵەخانەکە توانای نەرمی و هەڵمژینی وزەی بوومەلەرزەی هەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP