هەرێم نیوز
ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆیەک بە بەرفراوانی بڵاو بووەتەوە کە ئیدیعای ئەوە دەکات لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٦دا هێزی کێشکردنی زەوی بۆ ماوەی حەوت چرکە دەوەستێت، بەپێی بەدواداچوونە زانستییەکان ئەم بابەتە بە تەواوی چەواشەکارییە و دوورە لە ڕاستییەوە.
لە دەنگۆ بڵاوکراوەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بەهۆی وەستانی هێزی کێشکردنەوە مرۆڤەکان و کەلوپەلەکان بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان و لە کاتی کەوتنەخوارەوەیاندا ٤٠ ملیۆن کەس گیان لەدەست دەدەن. هاوکات باس لەوەش کرابوو کە ئاژانسی ناسا بڕی ٨٩ ملیار دۆلاری بۆ پڕۆژەیەکی نهێنی بە ناوی "پڕۆژەی لەنگەر" (Project Anchor) تەرخان کردووە تاوەکو پەناگەی ژێر زەوی بۆ کەسایەتییە گرنگەکان دروست بکات.
سەبارەت بەم دەنگۆیانە، زانایان و ئاژانسی ناسا بە فەرمی وەڵامیان داوەتەوە و ڕایانگەیاندووە، شتێک نییە بە ناوی وەستانی کاتیی هێزی کێشکردن، چونکە بۆ ئەوەی کێشکردن نەمێنێت دەبێت خودی زەوی کێش و قەبارەی خۆی لەدەست بدات. زانایان جەخت دەکەنەوە، ئەگەر تەنانەت بۆ یەک چرکەش کێشکردن نەمێنێت، خودی زەوی هەڵدەوەشێت، هاوکات ناسا بوونی "پڕۆژەی لەنگەر"ی بە تەواوی ڕەت کردووەتەوە.