دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی ناوخۆ كۆمەڵێك مەرج بۆ تاریككردنی جامی ئۆتۆمبیل دەردەكات

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنماییەکی نوێی بۆ پێدانی مۆڵەتی جام تاریک بڵاوکردەوە، کە تێیدا مەرج و کرێی ساڵانەی ڕێکخستووەتەوە. بەپێی بڕیارەکە ڕێگە بە تاریککردنی جامی ئۆتۆمبێل دەدرێت بەرامبەر بڕە پارەیەک کە دەگاتە یەک ملیۆن دینار بۆ ڕێژە بەرزەکان. مەرجی سەرەکی ئەوەیە کە جامی پێشەوەی شوفێر بەهیچ شێوەیەک نابێت تاریک بکرێت و دەبێت 100٪ ڕووناکی پێدا تێپەڕێت

بەپێی ڕێنمایی ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٢٦ کە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی لەسەرە، مۆڵەتەکە بۆ ماوەی یەک تا سێ ساڵ دەبێت. کرێی ساڵانەی جام تاریککردن بەپێی ڕێژەی تاریکییەکە دەگۆڕێت؛ بۆ ڕێژەی سەروو ٨٠٪، بڕی یەک ملیۆن دینار دیاریکراوە

هەروەها، هەر ئۆتۆمبێلێک لە ٣٠ ڕۆژ زیاتر بەسەر ماوەی مۆڵەتەکەیدا تێپەڕێت و نوێی نەکاتەوە، بە بڕی٥٠٠ هەزار دینار سزادەدرێت و لێزگەی جامەکەی لێدەکرێتەوە

سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانەی کە ڕێژەی تاریکی جامەکانیان لە بنەڕەتدا لە نێوان ١٪ تا ٣٠٪یە ، هیچ بڕە پارەیەک وەک کرێی کارگێڕی وەرناگیرێت

لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکەدا جەخت کراوەتەوە کە ئۆتۆمبێلی تەکسی بۆی نییە بە لێزگە جامی تاریک بکات. تەنیا ڕێگە بەو تاکسییانە دەدرێت کە لە کۆمپانیاوە جامەکانیان تاریکە، ئەویش بە مەرجێک لە٥٠٪ تێپەڕ نەکات. هاوکات، ئۆتۆمبێلەکانی پرۆتۆکۆلی حکومەت، سەرۆکایەتی هەرێم، نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچی سوور و باڵیۆزخانەکان لە پێدانی باجی مۆڵەتی جام تاریک بەخشراون.

وردەکاری زیاتری ڕێنماییەکە لەم لینکەی خوارەوەیە:
https://drive.google.com/.../1fk1Tax8twRbBgEckmvV.../view...



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP