دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

خەوتنی ٣ بۆ ٤ کاتژمێر لە شەو و ڕۆژێکدا چ کاریگەرییەکی لەسەر تەندروستی هەیە؟

 ئەبوو زەبی ــ وەرگێڕانەکان

سەرڕای ئەوەی هەندێک لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان و کەسایەتییە دیارەکان ڕایدەگەیەنن کە شەوانە تەنها ٣ بۆ ٤ کاتژمێر دەخەون و پێیان بەسە، بەڵام پسپۆڕانی پزیشکیی خەو هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم شێوازە بۆ زۆربەی خەڵک گونجاو نییە. ئەوان دەڵێن بەردەوامبوون لەسەر ئەم سیستەمە بۆ ماوەیەکی درێژ، مەترسی تووشبوون بە نەخۆشینە درێژخایەنەکان زیاد دەکات و تەمەنی مرۆڤ کورت دەکاتەوە.

زۆر کەس هەن، وەک کارمەندانی شەفتەکانی پێشوەختە، ئەوانەی بەدەست بێخەوییەوە دەناڵێنن، یان دایک و باوکە نوێیەکان، بە شێوەیەکی ڕێکخراو نیوەی ئەو کاتژمێرانەی بۆ خەو پێشنیار کراون دەخەون، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە ژیانی ڕۆژانەیان.

لەم دواییانەشدا، سانای تاکایچی، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن — کە یەکەم ژنە ئەو پۆستە لە وڵاتەکەیدا وەربگرێت — ئاشکرای کرد کە لەو ٩ مانگەی لە دەسەڵاتدا بووە، شەوانە لە ٣ کاتژمێر زیاتر نەخەوتووە. تاکایچی تەنها کەس نییە کە ئەم شێوازەی پەیڕەو کردبێت؛ دەوترێت مارگرێت تاتشەر، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا (١٩٧٩-١٩٩٠) تەنها ٤ کاتژمێر دەخەوت، لە کاتێکدا وینستۆن چەرچڵ، سەرۆک وەزیرانی ناسراوی بەریتانیا، زۆرترین کات ٥ کاتژمێر دەخەوت. کاتژمێری پێویستی خەو بۆ جەستە چەندە؟

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بێبەشبوونی درێژخایەن لە خەو، مەترسی تووشبوون بە چەندین نەخۆشی مەترسیدار زیاد دەکات، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ و لەبیرچوونەوە (زەهایمەر). دکتۆر تۆم چامبەرز، پزیشکی پسپۆڕی خەو و بەڕێوەبەری پزیشکیی کۆمپانیای "دە تا سلیپ"، ڕایگەیاندووە کە ئەو باوەڕە باوەی دەڵێت "٨ کاتژمێر خەو باشترین ماوەیە" بنەمایەکی زانستی نییە.

ئەو ڕوونی کردەوە: هەندێک کەس پێویستیان بە هەشت کاتژمێر نییە و دەتوانن بە شێوەیەکی سروشتی بە کەمتر لەوەش کارەکانیان ڕاپەڕێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، خەوتنی کەمتر لە ٦ کاتژمێر بە ناتەندروست دادەنرێت."

چامبەرز دەشڵێت: "ماوەی خەو و پێویستی جەستە بۆی، وەک قەبارەی پێڵاو وایە؛ هەر کەسەو لەگەڵ ئەوی تر جیاوازە. سروشتی و تەندروستە کە هەندێک کەس لەسەر سنووری کەمینە بن، واتە شەش کاتژمێر، لە کاتێکدا هندێکی تر پێویستیان بە نۆ کاتژمێر بێت."

ساڵانێک لە خەوی خراپ؛ مەترسییەک بەرەو مردنی پێشوەختە پسپۆڕان پێیان وایە کە سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، سانای تاکایچی، لەوانەیە لە کاریگەرییە تەندروستییە مەترسیدارەکانی ئەم شێوازی خەوە ڕزگاری بێت، ئەگەر تەنها بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بێت. بەڵام ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژخایەنتر بەردەوام بێت، خۆی دەخاتە بەر مەترسی تووشبوون بە: نەخۆشی شەکرە و قەڵەوی. لەبیرچوونەوە (خەڵەفان).

نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک. تێکچوونی دەروونی وەک خەمۆکی و دڵەڕاوکێ. ئایا کەسانێک هەن کەمخەوی کاریگەرییان سەر نەبێت؟

بەڵێ، هەندێک کەس بازدانی جیناتی (طفرات جينية)یان تێدایە کە وایان لێدەکات نەک تەنها لەگەڵ ماوەی زۆر کورتی خەودا ڕابێن، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر کارامەش کارەکانیان بکەن، ئەمەش بە پێچەوانەی زۆربەی خەڵکییەوەیە.

ئایدن مەحموودزادە، پزیشکی پسپۆڕی خەو و یەکێک لە دامەزرێنەرانی پڕۆژەی "سلیپ پرۆجێکت" دەڵێت: "کەمتر لە ١٪ی مرۆڤەکان لەو جۆرەن کە پێیان دەڵێین (کەمخەوە سروشتییەکان).

ئەوانە ڕەنگە تەنها چوار بۆ پێنج کاتژمێر بخەون، بەڵام کاتێک بەئاگا دێن هەست بە چالاکی دەکەن، کارەکانیان بە ئاسایی دەکەن و هیچ کاریگەرییەکی تەندروستی درێژخایەنیان لەسەر دەرناکەوێت." بەڵام پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم تایبەتمەندییە بە ڕاهێنان یان فێربوون بەدەست ناهێنرێت، بەڵکو پەیوەستە بە جیاوازییە بۆماوەییە دەگمەنەکانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP