دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەت کاراکردنەوەی پەرلەمانە

هەرێم نیوز

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندندا، داوای لە پەرلەمانتاران کرد بایکۆت بشکێنن، هاوکات جەختی لە گرنگیی خوێندن بە زمانی کوردی لە کەرکووک، پەروەردەی نیشتمانی و کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان کردەوە.

پەیامی سەرۆکوەزیران بۆ کەرتی پەروەردە و کاراکردنەوەی پەرلەمان
دوای لێدانی زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکی گشتگیری لەسەر پرسە سیاسی، پەروەردەیی و ئەمنییەکان بڵاو کردەوە. تێیدا تیشکی خستە سەر پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی پەروەردە سەرباری کەمتەرخەمییەکانی بەغدا، و سەروەربوونی یاسا لە سەرتاسەری وڵاتدا.

سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "ئێمە لە دوای ڕۆژی هەڵبژاردنەوە ئامادەییمان هەبووە و تاوەکو ئێستاش ئەو ئامادەیییەمان هەیە. پێویستە پەرلەمانتاران کە نوێنەری خەڵکن، بایکۆتی پەرلەمان بشکێنن و ئەرکی نیشتمانیی خۆیان بەجێ بهێنن، یەکەم هەنگاویش کاراکردنەوەی پەرلەمانە و پەرلەمانتارانی ئێمە ئامادەن."
هاوکات ستایشی ڕۆڵی کارای وەزیری پەروەردە و ستاف و مامۆستایانی کرد بۆ پێشخستنی خوێندن، و جەختی کردەوە کە ئەرکی حکوومەتە باشترین قوتابخانە، هاتووچۆ و سەلامەتی بۆ قوتابییان دابین بکات و ئەوەی لە توانایاندا بێت بە زیادەوە دەیکەن.

گرنگیی زمانی کوردی لە کەرکووک و پەروەردەی نیشتمانی
سەرۆکوەزیران خوێندن بە زمانی کوردی بە گرنگترین شت و پێناسەی نەتەوەیی ناو برد، داواشی لە مامۆستایان کرد پەرە بە زمانی شیرینی کوردی بدەن. هەروەها گوتی: "کەرکووک دڵی کوردستانە و کوردستانیبوونی کەرکووک لە پێناسەکەیەتی، هیوادارم لە هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێیە، گرنگی بە زمانی کوردی بدەرێت."

لەبارەی ئەرکی مامۆستایانیشەوە، پەروەردەکردنی قوتابییانی لەسەر بنەمای نیشتمانپەروەری بە ئەرکی سەرەکی دانا و گوتی: "یەکەم وانە بۆ قوتابی مامۆستایە، پێویستە بە کرداری خۆی وا بکات قوتابی چاوی لێ بکات."

سەبارەت بە شنگالیش، ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت یاسا سەروەر بێت و هەر چەکێک لە دەرەوەی دەسەڵات بێت، بخرێتەوە دەستی حکوومەت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP