دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هۆشداریی بەپەلەی واشنتن؛ هێرشی ئەلیکترۆنیی ئێران دەتوانێت قەیرانی بەنزین و سووتەمەنی دروست بکات


واشنتن هۆشداری دەدات لە هەوڵی ئێران بۆ هێرشی سایبەری دژی کۆگاکانی نەوت لە ڕێگەی ژیریی دەستکردی چینییەوە.

وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە یاداشتێکی هەواڵگریی بەپەلەدا هۆشداریی دایە کۆمپانیاکانی وزە و دەزگا ئەمنییەکان لەوەی کە هاککەر و گرووپە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە ئێران لە هەوڵی بەئامانجگرتنی سیستەمی کۆنتڕۆڵی کۆگاکانی نەوتی ئەمریکادان، بە مەبەستی لێدانی زیانی مادیی گەورە و دروستکردنی لێچوونی سووتەمەنی و ماددە کیمیاییەکان.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی دەست تۆڕی "ئەی بی سی"ی ئەمریکی کەوتووە، هاککەرە ئێرانییەکان لە سەرەتای مانگی ئابدا پلاتفۆرمی ژیریی دەستکردی چینی ناسراو بە "دیپ سیک"یان بەکارهێناوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پشکنینی توانای عەمبارکردنی کۆگاکانی نەوت لەناو خاکی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، ئەمەش وەک هەنگاوێکی هەواڵگری بۆ دزەکردنە ناو سیستەمی کۆنتڕۆڵی پیشەسازیی ئەو کۆمپانیایانەی کە بیرەکانی نەوت بەڕێوەدەبەن.
وەزارەتەکە ڕوونیکردووەتەوە کە هاککردنی ئامێرەکانی پێوانەکردنی ئۆتۆماتیکی لەسەر خەزانەکانی نەوت، ڕێگە بە هێرشبەران دەدات کە زەنگی ئاگادارکردنەوەی ساختە لێبدەن، سیستەمی هەستپێکردنی پڕبوون یان بەتاڵبوونی خەزانەکان لەکاربخەن، پەمپەکانی گواستنەوە بوەستێنن و پلەی گەرمی بە جۆرێک دەستکاری بکەن کە ڕێگری لە ئاگادارکردنەوەی مەترسیی گەرمبوونی نەوتەکە بکات.

یاداشتە هەواڵگرییەکە هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئەم هێرشە بە شێوەیەکی فراوان لە ناوچەیەکدا ئەنجام بدرێت، دەکرێت داتاکان بە چەواشەکاری پیشان بدرێن و ببنە هۆی پچڕانی لەناکاوی سووتەمەنی لە وێستگەکان و دروستبوونی شڵەژانی گەورە لە دابینکردنی وزەدا، هەر بۆیە واشنتن داوای گرتنەبەری ڕێکاری بەرگریی توندی سایبەری لە تەواوی کەرتی وزە دەکات بەر لە ڕوودانی هەر هێرشێکی وێرانکەر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP