هەرێم نیوز
کەمێک لەمەوبەر بڕی (٨٣١،٦٦٦،٠٠٠،٠٠٠) هەشت سەد و سی و یەک ملیار و شەش سەد و شەست و شەش ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
بڕینەکان لە تەمویلی مووچە
هاوشێوەی چەند مانگی ڕابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی (١٢٠،٠٠٠،٠٠٠،٠٠٠) سەد و بیست ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئاب لە کۆی تەمویلی مووچە بڕیوە.
ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی (٦،٠٣٠،١٦٦،٥٤٥) شەش ملیار و سی ملیۆن و سەد و شەست و شەش هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی ئاب نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
کاتەکانی بڵاوکردنەوەی لیست و دابەشکردنی مووچە
وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونی دەکاتەوە؛ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە بە شێوەی کاش لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەکرێتەوە و لە نزیکترین کاتدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.