هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق خەرجکردنی بڕی ٥٠٠ ملیار دیناری وەک شایستەی دارایی جووتیاران ڕاگەیاند و وەزیری دارایی وڵاتەکەش جەخت لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ دانەوەی سەرجەم قەرزەکان لە مانگەکانی داهاتوودا دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە بڕی 500 ملیار دیناریان بۆ شایستەی دارایی جووتیاران خەرج کردووە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانی وەزارەتەکە بۆ چارەسەرکردنی قەرزەکانی کەرتی کشتوکاڵ و ڕێکخستنەوەی پرۆسەی پارەدان بە جووتیاران.
لەم بارەیەوە، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکەیان ماوە بە ماوە کار لەسەر تەواوکردنی پرۆسەی خەرجکردنی شایستەی دارایی جووتیاران دەکات، ئەمەش تا ئەو کاتەی لە مانگەکانی داهاتوودا سەرجەم قەرزەکانی ئەو کەرتە بەتەواوی دەدرێنەوە و هیچ شایستەیەک لای حکوومەت نامێنێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی داوەتە جووتیاران کە بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی هەموو پێویستییە داراییەکان، بە مەبەستی پشتگیریکردن و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی چالاکییە کشتوکاڵییەکان. خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانی شاندێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە مەبەستی دیاریکردن و وەرگرتنی پشکی جووتیارانی هەرێم لەم 500 ملیار دینارە.