هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری کۆتایی بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد و پێشبینی دەکرێت سبەی دووشەممە پارەکە بگاتە هەولێر.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ بە فەرمی بڕیاری دا بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاب (8)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
لەم بارەیەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، بەهۆی نزیکبوونەوە لە کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمی لە فەرمانگەکانی عێراق، ئەگەرێکی زۆر هەیە سبەی دووشەممە (14ـی ئەیلوول) پارەکە بخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
دووبەردانی ڕوونیشی کردەوە، هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات تا پێش کۆتاییهاتنی دەوام پارەکە ڕەوانە بکات، بەڵام پێشبینییەکان زیاتر بۆ ئەوەن کە پرۆسەکە بکەوێتە سبەینێ.
جێی باسە، پرۆسەی ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە پەیوەستە بە ناردنی لیستی مووچەخۆران و وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی هەردوو لاوە، کە زۆرجار بەهۆی گۆڕانکاری لە لیستەکاندا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دوادەکەوێت.
لە بەرامبەردا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پرۆژەی (هەژماری من) و خستنەڕووی داتا بایۆمەترییەکانەوە، هەوڵ دەدات شەفافیەت زیاتر بکات و پرۆسەی ناردنی شایستە داراییەکان لە کاتی خۆیدا خێراتر بکات.