دواین هەواڵ

ئابوری‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

١٠٠ پارچە زەوی بە تیروپشک بەسەر فەرمانبەران و خانەنشیناندا دابەش دەکرێت

هەرێم نیوز

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سەنگاو ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، دەست بە قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی دەکرێت و تێیدا ١٠٠ پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.

شێوازی خاڵبەندی و بەڕێوەچوونی تیروپشکەکە
پڕۆسەکە بەپێی خاڵبەندی بەڕێوەدەچێت و لەم قۆناغەدا ئەو کەسانەی خاڵەکانیان لە نێوان (٣٥ بۆ ١٧) خاڵدایە بەشێوەی تیروپشک زەوییان پێدەدرێت، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری شارەدێکە و نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی.

شارەوانیی سەنگاو ڕایگەیاندبوو، هەر فەرمانبەر و خانەنشینێک ڕەخنەی لە شێوازی خاڵبەندییەکە هەیە دەتوانێت پێش دابەشکردنەکە سەردانی شارەوانی بکات بەمەبەستی وردبینیکردنی فەرمانی زەوییەکەی، هەرچەندە شارەوانیی سەنگاو لەڕێگەی لیژنەیەکەوە بەشێوەیەکی زۆر شەفاف و دادپەروەرانە وردبینیی تەواوی بۆ فەرمانەکان کردووە.

لە هەمان کاتدا لە ئاگادارییەکەی شارەوانیی سەنگاودا هاتووە؛ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە لە قۆناغی دووەمدا زەوییان پێنادرێت، دڵنیایان دەکەینەوە کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا سوودمەند دەبن.

مەرج و ڕێنمایییەکانی شارەوانیی سەنگاو بۆ سوودمەندبوان:

•کاتی ئامادەبوون: پێویستە فەرمانبەر یاخود خانەنشین (کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری) پێبێت و خۆی لە کاتی تیروپشکەکەدا ئامادەبێت.
•مامەڵەی کۆچکردووان: ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی دوای پڕکردنەوەی فۆڕمی زەوی کۆچی دواییان کردووە، پێویستە وارسەکەیان (شەهادەی وەفات، کارتی زانیاری و کارتی نیشتمانی)ی پێبێت.
•بانگهێشتی میدیاکان و لایەنەکان: سەرجەم ڕاگەیاندنکاران و نوێنەری وەزارەت، دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بانگهێشت دەکرێن بۆ چاودێریکردنی پڕۆسەکە تاوەکو بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەبچێت.
•یاسای کڕین و فرۆشتن: ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی بە تیروپشک زەوییەکەیان بۆ دەردەچێت، ناتوانن کڕین و فرۆشتنی پێوە بپەڕێنن تا ئەو کاتەی بە فەرمی تۆمار دەکرێت بەناویانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP