دواین هەواڵ

ئابوری‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

سبەی لە سلێمانی و گەرمیان نزیکەی ٢٢ ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

هەرێم نیوز

سبەی یەکشەممە، ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دابەشکردنی نزیكەی ٢٢ ملیار دیناری شایستە داراییەکانی گەنمی جووتیاران بۆ وەرزی ٢٠٢٥ دەست پێدەکات.

سایلۆی سلێمانی لە ئاگادارییەکی فەرمیدا بانگهێشتی ئەو جووتیارانە دەکات کە گەنمیان ڕادەستی سایلۆکە کردووە، بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان سەردانی هۆبەی ژمێریاری لە ناحیەی پیرەمەگروون بکان. ئاماژە بەوەش دراوە کە دابەشکردنەکە لە موستەنەدی پسوولەی ژمارە ١٣٣١ دەست پێدەکات و پێویستە خاوەنی پسوولەکە خۆی بە کارتی نیشتمانییەوە ئامادە بێت یان وەکالەتی دادنووسی هەبێت، چونکە چەکی بانکی بە هیچ شێوەیەک نادرێتە کەسی تر.

هاوکات سایلۆی گەرمیان ئاگاداریی بۆ جووتیارانی سنوورەکە بڵاوکردەوە و داوای لێکردون ئەو کەسانەی ژمارەی پسوولەکانیان لە ٧٤٥ تاوەکو ١٠١٤یە، سەردانی سایلۆکە بکان بۆ وەرگرتنی چەکی شایستە داراییەکانیان.

سەبارەت بە کۆی شایستە داراییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد کە بەشی حەوتەمی پارەی گەنمی جووتیاران بڕەکەی زیاتر لە ٥٨ ملیار و ٦٣٣ ملیۆن دینارە و بەسەر پارێزگاکاندا دابەش کراوە، بە شێوەیەک نزیکەی ١٩ ملیار و ٧٢٦ ملیۆن دینار بۆ هەولێر، زیاتر لە ٢١ ملیار و ٩٠٨ ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و نزیکەی ١٧ ملیار دینار بۆ دهۆک تەرخان کراوە.

هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دوای شایستەی ئەم قۆناغەش، هێشتا ٨٣ ملیار دیناری پارەی گەنمی ساڵی ٢٠٢٥ی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لای حکوومەتی فیدراڵیی عێراق ماوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP