دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی: لێخۆشبوونی ٥٠٪ـی قەرزی کارەبا درێژ ناکرێتەوە

هەرێم نیوز

سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی ڕایدەگەیەنێت، تەنیا یەک هەفتە ماوە بۆ کۆتاییهاتنی بڕیاری لێخۆشبوونی ٥٠٪ـی قەرزی کۆنی کارەبا، و جەختیش دەکاتەوە کە ئەو ماوەیە بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی 9ـی 2026، کۆژان یاسین، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٥٠٠ هەزار هاوبەشی کارەبا سوودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوونی لەسەدا ٥٠ـی قەرزی کۆنی کارەبا ڕایگەیاندووە.

کۆژان یاسین ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا هەفتەیەک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونەکە، و داواشی لە هاووڵاتییان کرد پەلە بکەن و سوود لەو دەرفەتە وەربگرن، چونکە ماوەکە درێژ ناکرێتەوە. 

هەروەها وتیشی: "ئەمە یەکەمجارە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم ڕێژە زۆرە بڕیاری لێخۆشبوون دەربکات."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکی داوای لە هاووڵاتییان کرد کە خۆیان لە پڕۆژەکەدا تۆمار بکەن و ڕایگەیاند، لە داهاتوویەکی نزیکدا وردە وردە هاتنەوەی پسووڵە شینەکەی کارەبا کۆتایی دێت و نامێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP