هەرێم نیوز
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن خستەڕوو و رایگەیاند، هەنگاوە کردەییەکان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان دەستیان پێکردووە.
چاپکردنی کتێب و نوژەنکردنەوەی قوتابخانەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، ٣١ی ئابی ٢٠٢٦، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد یەکێک لە کارە لەپێشینەکان چاپکردنی کتێبی نوێ بووە کە نزیکەی ٢٠ ملیۆن کتێب چاپ کراون.
وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند: "تا ئێستا ٪٩٠ـی کتێبەکان گەیشتوونەتە کۆگاکانی شار و شارۆچکەکان، ئەگەر بارودۆخەکە ڕێگر نەبێت، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ٪٩٩ـی کتێبەکان دەگەنە هەرێمی کوردستان." هەروەها ئاشکرای کرد، ٢٦٤ کۆنتێنەری کەلوپەل گەیشتوونەتە پەروەردەی شارۆچکەکان و پرۆسەی چاککردنەوەی هەزاران مێزی قوتابخانەکانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکان بەردەوامە.
سەبارەت بە ریفۆرم لە کەرتی پەروەردەدا، جەختی لە پەرەپێدانی خوێندنی پیشەیی کردەوە لە ڕێگەی زیادکردنی پەیمانگا و ئامادەییە پیشەییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئینگلیزی لە ناوەندەکانی خوێندندا.
دابینکردنی باڵەخانەی نوێ و سووتەمەنی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئالان حەمە سەعید ئاشکرای کرد، ٣٢ باڵەخانەی نوێی قوتابخانە بۆ ئەمساڵ ئامادەکراون، کە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بوون؛ ٨ لە سلێمانی، ٦ بۆ ٨ لە هەولێر، ٨ لە دهۆک، یەک لە ڕاپەڕین، دوو لە گەرمیان و دوو لە زاخۆ.
سەبارەت بە دابینکردنی سووتەمەنیش گوتی: "نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بۆ دابینکردنی نەوت، هەروەها ڕەزامەندی وەرگیراوە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تری ئەو باڵەخانە نوێیانە."
دەستبەکاربوونی مامۆستایان و بەڕێوەچوونی خولی ڕاهێنان.
وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند؛ سبەی، ١ـی ئەیلوول، مامۆستایان دەستبەکار دەبنەوە و پرۆسەیەکی فراوانی ڕاهێنان دەست پێدەکات. گوتیشی: "بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ پرۆسەی ڕاهێنان بەردەوام دەبێت، تێیدا هەر مامۆستایەک ٥ بۆ ٦ ڕۆژ ڕاهێنان لەسەر بابەتەکانی تەکنەلۆژیا، زیرەکی دەستکرد، ستراتیژی ژینگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قوتابیان وەردەگرێت."
بۆ ئاسانکاری مامۆستایانیش، وەزارەت بڕیاری داوە هەر مامۆستایەک نیشتەجێی دەرەوەی شار بێت، دەتوانێت لە نزیکترین قوتابخانەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بەشداری خولەکانی ڕاهێنان بکات پێش دەستپێکردنی دەوامی فەرمی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی لۆد و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆیان.