هەرێم نیوز
میدیاکارێکی عێراقی ئاشکرای کرد کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) دزەی کردووەتە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە و دەستی بەسەر داتای نێزیکەی ٣٠٠ هەزار ئەندامی ئەو هێزانەدا گرتووە.
ئەمڕۆ هەینی، 28ـی 8ـی 2026، ئەمین ناسڕ، میدیاکاری عێراقی و بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی کەناڵی «عێراقییە» لە بەیروت، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد، مۆسادی ئیسرائیلی توانیویەتی دزە بکاتە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان و دەست بگرێت بەسەر داتای زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کارتی (کی کارد)ی ئەندامانیان.
ئەو میدیاکارە دەشڵێت، مۆساد دەستی کردووە بە پەیوەندیکردن بە ژمارەی مۆبایلی ئەو چەکدارانەوە و داوایان لێ دەکات ڕیزەکانی حەشد جێبهێڵن و لە شوێنەکانیان دوور بکەونەوە.
ئەمین ناسڕ ڕەخنەی توندی لە بێدەنگیی بەرپرسانی ئەمنیی عێراق گرت و پرسیاری ئەوەی ئاراستە کردن کە بۆچی تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی حەشدی شەعبی بەدواداچوونی بۆ ئەوە نەکردووە کە چۆن ئەو داتا و زانیارییە هەستیارانە گەیشتوونەتە دەستی مۆساد.