هەرێم نیوز
مەسعود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هێرشێکی توند دەکاتە سەر تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی و داوا دەکات لەلایەن دادگای عێراقەوە دادگایی بکرێت، هاوكات بە "شکستخواردووترین وەزیر" لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا ناوی دەبات.
تۆمەتەکانی بەفیڕۆدانی مال و نوقمبوون لە قەرزدا
مەسعود حەیدەر لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند، تەیف سامی زیانێکی گەورەی بە ئابووریی وڵات گەیاندووە و لە ماوەی وەرگرتنی وەزارەتی داراییدا، عێراقی نوقمی قەرزێکی گەورە کردووە کە بڕەکەی ٢٠٠ ترلیۆن دینار تێپەڕ دەکات.
ناوبراو هەروەها تەیف سامی تۆمەتبار دەکات بە بەفیڕۆدانی زیاتر لە ١٤٠ ملیار دۆلاری دارایی گشتیی وڵات.
ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی هەڵدەوەشێنێتەوە
ئەم هەڵوێستەی مەسعود حەیدەر دوای ئەوە دێت کە کەناڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقی هەڵوەشاندووەتەوە و ناوی خستووەتە لیستی چاودێریی تیرۆرەوە.
تەیف سامی تۆمەتبار کراوە بە هاوکاریکردن لە دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، هاوکات لە ناوخۆی عێراقیشدا بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگاوە داواکراوە.