دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەفین دزەیی: بە هەزار درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەبێت عێراق ڕێگری بکات

هەرێم نیوز

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەوەتەی شەڕ لە ناوچەکە دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ بە ئامانج گیراوە و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ئابووری و هاووڵاتییان گەیشتووە.

زیانەکانی هێرشەکان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لەم شەڕە و هەمیشە داوای سەقامگیری و ئارامیی کردووە، جەختیشی کردەوە کە دەبێت سەرجەم کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی: "بەداخەوە لەوەتەی ئەم شەڕە دەستی پێکردووە، نزیکەی هەزار درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون. ئەم هێرشانە زیانی زۆریان لە ڕووی شەهیدبوون و برینداربوونی هاووڵاتییان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێم لێکەوتووەتەوە."

ئەرکی حکوومەتی فیدراڵ و هەڵوێستی نێودەوڵەتی
سەبارەت بە کاردانەوەکان، سەفین دزەیی ڕوونی کردەوە کە ئەو هێرشانە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کونسوڵگەرییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانەوە بە توندی سەرکۆنە کراون. ئاماژەی بەوەش دا کە بەرپەرچدانەوەی ئەم رووداوانە دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و دەبێت بە ئەرکی یاسایی خۆی بۆ پاراستنی سەروەری و هاووڵاتییان هەڵبستێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی کردەوە، ئەو هێرشانەی لەناو خودی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، دەبێت بەپەلە ڕێگرییان لێ بکارێت. بەتایبەت ئەو گرووپە چەکدارانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن، دەبێت ڕووبەڕووی سزای یاسایی ببەنەوە نەک تەنیا ڕێگرییان لێ بکارێت.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP