هەرێم نیوز
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٦ لە پیرمام بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین كۆبوویەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن بە بۆنەی هەشتاساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێزانینیان بۆ ڕۆڵی بارزانی هەبوو لە خەباتی و مێژووی گەلی كوردستان و بنیاتنانی عێراقی تازە.
هەروەها سوپاسی بارزانیان كرد كە هەرێمی كوردستان لە كاتی پەلاماری تیرۆریستانی داعشدا باوەشی بۆ ئاوارەكان كردەوە و وەك نموونەی باڵای مرۆڤدۆستی و برایەتی و هەست بەبەرپرسیارێتیان ناوزەد كرد.
شاندی میوان قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دامودەزگاكانی هەرێمیان لە شەڕی تیرۆریستان و مسۆگەركردنی سەقامگیری و ئاساییش بەرز نرخاند.
هەروەها داواشیان كرد كە هەماهەنگی لەنێوان یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای سەلاحەدین و پارێزگاكانی هەرێمدا هەبێت بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونە ئیدارییەكان و ئاوەدانیی هەرێمی كوردستان.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و دەستخۆشی لێكردن بۆ ئەو هەماهەنگی و كاری هاوبەشەی كە لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەو پارێزگایەدا هەیە. هەروەها كورتەیەكی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان بۆ ئامادەبوان باس كرد و جەختی لە برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق كردەوە و ئەوەشی ڕاگەیاند كە سوپاس بۆ خودا ڕژێمەكانی پێشووی عێراق نەیانتوانی ناكۆكییە سیاسییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەتەكان بكەنە ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر عێراقی دوای ٢٠٠٣و ئەوەی دووپات كردەوە كە دەستووری عێراق نەخشەڕێگەیەكی گونجاوە بۆ چارەسەركردنی كۆی ئەو كێشە و گرفتانەی لەئارادان.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئامادەبوان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ئیداریی ناوچەكانیان، پرسیار و تێبینییەكانی خۆیان ئاراستەی بارزانی كرد بارزانی وەڵام و بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ ئامادەبوان خستەڕوو.