دواین هەواڵ

کوردستان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام بڵاو کردەوە

هەرێم نیوز

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هه‌رێمی کوردستان لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری مەزنی ئیسلام حەزرەتی محەمەد (د.خ) لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە موسڵمانان کرد و هیوای خواست ئەم یادە ببێتە هەوێنی پتەوکردنی گیانی برایەتی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا.

دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛
لە یادی پیرۆزی لەدایکبوونی پێشەوا و پێغەمبەری مەزنی ئیسلام حەزرەتی موحەممەددا (دروودی خوای لەسەر بێت)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم موسڵمانانی کوردستان، عێراق و جیهان دەکەم.

هیوادارم ئەم یادە پیرۆزە، خێر، خۆشی، ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان لەگەڵ خۆیدا بهێنێت و ببێتە هەوێنی پتەوکردنی گیانی برایەتی، لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەنێوان هەموو پێکهاتەکاندا.

با ئەم بۆنە پیرۆزە ببێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی پابەندی بە پەیام و ڕێنمایی و بەها باڵاکانی پێغەمبەر (د.خ) لە بڵاوکردنەوەی چاکە، دادپەروەری، ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیدا، تا پێکەوە بەرەو داهاتوویەکی سەقامگیر و ئارامتر هەنگاو بنێین.

یادی مەولوودی پێغەمبەر لە هەموو لایەک پیرۆز بێت، هەموو ساڵێک بە خێر و خۆشی.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/8/25
12ی ڕەبیعولئەووەلی 1448ی کۆچی





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP