دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

پەیامی سەرۆکی هەرێم؛ یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان بڕبڕەی پشتی پاراستنی مافە دەستوورییەکانە

هەرێم نیوز
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ٣٨ەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالی بادیناندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوای لە حکوومەتی فیدراڵ کرد کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە، هاوكات جەختی لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان لە ڕێگەی یەکڕیزیی سیاسییەوە کردەوە.

یادکردنەوەی قوربانییان و ناساندنی تاوانەکە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوا قۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفالدا لە ساڵی ١٩٨٨، ڕژێمی ئەوسای عێراق خەڵکی سڤیل، خاک و ژینگەی دەڤەری بادینانی بە چەکی قەدەغەکراو کردە ئامانج. لەم یادەدا بە ڕێز و شکۆوە یادی سەرجەم شەهیدان و قوربانییانی ئەو تاوانە دەکەینەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک تاوانی جینۆساید، تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ناسێندراوە، بۆیە دەبێت هەوڵەکان بۆ ناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەردەوام بن.

داواکاریی قەرەبووکردنەوە و وانەکانی مێژوو
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی عێراق کرد کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و تەواوی تاوانەکانی ڕژێمی پێشوو بە شێوەیەکی ماددی و مەعنەوی قەرەبوو بکاتەوە.

جەختیشی کردەوە کە دەبێت مێژووی پڕ لە ئازاری ڕابردوو ببێتە وانەیەک تاوەکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ستەمکاری بگرێت و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بپارێزرێن. ئەمەش بە پتەوکردنی تەبایی، یەکڕیزی و بەهێزکردنی هاریکاریی نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکان مسۆگەر دەبێت.

پێزانین بۆ خەڵکی هەولێر
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە پێزانین و ڕێزەوە هەڵوێستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستانەی خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەبیر هێنایەوە، کە لە ڕۆژگارە سەختەکاندا لە کەمپی جێژنیکان بە هانای لێقەوماوانی بادینانەوە چوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP