دواین هەواڵ

کوردستان‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

پارتی: لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ یەکێتی کۆ دەبێنەوە و دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە

هەرێم نیوز

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان جەخت لەسەر لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکان و دیالۆگ دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە لە زووترین کاتدا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت دەست پێ بکەن.

کۆبوونەوەی نزیکی پارتی و یەکێتی
ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سیاسییەکان و ئاشکرای کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆ دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆبوونەوەی لووتکە" لە نێوان سەرکردایەتیی هەردوولا، پاش کۆبوونەوەی وەفدی دانوستانکاری هەردوو حزب ئەنجام دەدرێت.

گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان
سەبارەت بە ئاستی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان، مەحموود محەمەد گوتی: "پێش ڕووداوەکان ناکەوین، کاتێک کۆبوونەوەکان ئەنجام دران دەتوانین بە ڕوونی قسە لەسەر ئەنجامەکان بکەین." جەختیشی کردەوە، مێزی گفتوگۆ تەنیا شوێنە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو بابەتانەی کە ماونەتەوە.
هەروەها دەستخۆشی ئاراستەی ئەو لایەنە سیاسییانە کرد کە ڕۆڵیان لە هەوڵدان بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی هەبووە و گوتی: "لایەنەکان بەشێکن لەم پرۆسەیە و ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەییان لەسەر شانە."

کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ
لەبارەی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن و ماوەی یاسایی پەرلەمان، گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: "ئەگەر گەیشتینە ئەو بڕوایەی ڕێگەیەک هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئەو کاتە پێویست ناکات پێشوەختە بڕیار بدەین کە سێ ساڵ یان چوار ساڵ بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لێ دەدرێت."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP