دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی سێ مانگ لەسەر یەک داشکاندنیان بۆ دەکرێت

هەرێم نیوز

وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆکاری بێبەشبوونی هاوبەشانی پڕۆژەی "ڕووناکی" لە لێخۆشبوونی ٥٠٪ـی قەرزی کۆن ڕوون دەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەوان داشکاندنی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لە پرێس کۆنفرانسێکدا، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی لە بڕیاری لێخۆشبوونی ٥٠٪ـی قەرزی کۆنی کارەبا سوودمەند نابن، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە هەر شوێنێک ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ کرابێت، ڕاستەوخۆ داشکاندنیان بۆ ماوەی سێ مانگ لەسەر یەک بە ڕێژەکانی (٥٠٪، ٢٥٪ و ١٥٪) بۆ کراوە و لەو داشکاندنە سوودمەند بوون.

وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیاری لێخۆشبوونی ٥٠٪ لە قەرزی کۆنی کارەبا بە گشتی تاوەکوو ١٠ـی ئەیلوول بەردەوام دەبێت. هاوکات باسی لەوە کرد کە خەڵکێکی زۆر لەم بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران سوودمەند بوون و قەرزەکانیان گەڕاندووەتەوە، بۆ ئەوەش سوپاسی هاووڵاتییانی کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کەمال محەممەد تیشکی خستە سەر پاڵپشتییەکانی وەزارەتەکەی بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ڕوونیکردەوە کە باشترین پاڵپشتییان کردوون، بە جۆرێک نرخی یەک کیلۆوات کارەبا بۆ ئەم کەرتە تەنیا ٦٠ دینارە.

 جەختیشی کردەوە کە هاوبەشانی کەرتی کشتوکاڵیش لە بڕیاری داشکاندنی ٥٠٪ـی قەرزی کۆن سوودمەندن، و ئەگەر پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووبێت، هۆکارەکەی تەنیا پابەندنەبوون بووە بە کاتی دانەوەی پارەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP