هەرێم نیوز
بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە کریستیەن ئۆلف، کونسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد بۆ تاوتوێکردنی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.
پێگەی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگیی دووقۆڵی
ئەمڕۆ شەممە، ٢٩ـی ئابی ٢٠٢٦، لە پیرمام بارزانی پێشوازی لە کریستیەن ئۆلف، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد.
لە بەشێکی دیداری نێوانیاندا، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا ئاماژەی بە پێگە و بایەخی تایبەتی هەرێمی کوردستان وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە پاراستنی سەقامگیریی عێراق و تەواوی ناوچەکەدا کرد. هەروەها دووپاتی لەسەر بەهێزکردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
مەترسییەکانی تیرۆر و ئایندەی پرۆسەی سیاسی
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، ڕەوشی سیاسی و دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە خسترانە بەرباس، و تیشک خرایە سەر هەڕەشە بەردەوامەکانی تیرۆر و مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایش.
هاوکات هەردوولا بیروڕایان دەربارەی ئایندەی پرۆسەی سیاسی و بارودۆخی عێراق لە قۆناغی داهاتوودا ئاڵوگۆڕ کرد.