دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەعرەجی: پێشمەرگە هێزێکی یاساییە و چەکدانان تەنیا گرووپە نایاساییەکان دەگرێتەوە

هەرێم نیوز

ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دووپاتی دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی یاساییە و پرۆسەی چەکدانان نایگرێتەوە، هاوکات جەخت لە نایاساییبوونی مانەوەی پەکەکە لە خاکی عێراقدا دەکاتەوە و ئاماژە بە بەردەوامیی هەماهەنگییە ئەمنییەکان لەگەڵ واشنتن دەکات لە دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان.

ڕۆژی شەممە، 29ـی 8ـی 2026، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند، حکوومەت لە گفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنیا لە چوارچێوەی دەزگاکانی دەوڵەتدا. 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێت بۆ گفتوگۆی جدی لەسەر ئەم پرسە و ڕێگریکردن لە هەر کارێکی چەکداری لە ناوخۆ یان دژی وڵاتانی دراوسێ.

سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە، ئەعرەجی ڕوونی کردەوە کە چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووردا دیاری کراوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی یاسان.

لەبارەی دۆسیەی پەکەکەشەوە ڕایدەگەیەنێت، مانەوەی ئەو هێزە لەسەر خاکی عێراق نایاساییە و لەگەڵ تورکیا کار بۆ چارەسەرکردنی دەکەن، بە جۆرێک بە کۆتاییهاتنی ئەو کێشەیە، پاساوی مانەوەی سوپای تورکیاش کۆتایی دێت.

وەک پێشتریش وتەبێژی حکوومەت جەختی لێ کردبووەوە، عێراق بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە بەکار بهێندرێت.

لە درێژەی قسەکانیدا، ئەعرەجی باسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کرد و ڕایگەیاند، عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا هەیە و دەیەوێت ببێتە پردێکی پەیوەندی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ناوچەکە. سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکاش ئاماژەی بەوەش کردووە، کشانەوەی هاوپەیمانان لە 30ـی 9ـی 2026 بە واتای پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن نایەت و هەماهەنگیی هەواڵگری لە نێوان هەردوولادا بەردەوام دەبێت.

لە کۆتاییدا سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئەعرەجی باسی لەوە کرد کە لایەنی ئێرانیش هاوڕایە لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە لە عێراق کە زیان بە ئاسایشی ناوچەکە دەگەیەنن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP