دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

جەنگی نەخشە و سامانی جیهانی؛ تڕەمپ هەژموونی ئەمریکا تا دوورترین کەناراوەکان درێژ دەکاتەوە

لە هەنگاوێکی توندی ئەکتەری سیاسی و لە میانی شەڕێکی بازرگانیی پەرەسەندوو لەگەڵ ئۆتاوا، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی جێبەجێکردنی ئیمزا کرد بۆ گۆڕینی ناوی "دەریاچەی ئۆنتاریۆ" (کە یەکێکە لە دەریاچە گەورەکانی ئەمریکای باکوور لەسەر سنووری هەردوو وڵات) بۆ "دەریاچەی ئەمریکا" و ڕایگەیاند کە بریارەکە ڕاستەوخۆ دەچێتە بوار جێبەجێکردنەوە.

فەرمانە سەرۆکایەتییەکە (ژمارە ١٤٤٢٠) داوا لە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا دەکات لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا ناوی ئۆنتاریۆ لە سەرجەم سیستمە جوگرافییەکان، نەخشە و بەڵگەنامە فیدراڵییەکاندا بسڕێتەوە و ناوی نوێ بنوسرێتەوە.

 

کۆشکی سپی ئەم هەنگاوەی بە ڕۆڵی ئەمریکا لە پاراستنی دەریاچەکان و وەبەرهێنان لە سیستەمی ژینگەییدا پاساو داوە، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە قووڵترین بەشەکانی دەریاچەکە لەناو ئاوی ئەمریکادان.

 

بەڵام ئەم بڕیارە تەنیا لەناو دامەزراوە فیدراڵییەکانی ئەمریکادا کاریگەر دەبێت؛ چونکە زیاتر لە ٥٢٪ی ڕووبەری دەریاچەکە لەناو خاکی کەنەدادیە و واشنتن توانای ناچارکردنی ئۆتاوای نییە بۆ گۆڕینی ناوەکە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم هەنگاوەی کۆشکی سپی بەشێکە لە ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکان دوای ئەوەی دانوستاندنە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات شکستیان هێنا. ئەمریکا ڕسوماتێکی گومرگیی ٥٠٪ی بەسەر کەلوپەلی کەنەدیدا سەپاند، و کەنەدایش بە هەمان ڕێژە وەڵامی دایەوە.

 

ئەم بڕیارەی تڕەمپ کاتێک دەدرێت کە پێشتریش ناوی "کەنداوی مەکسیک"ی کردبووە "کەنداوی ئەمریکا"، بەڵام ئەمجارەیان کاردانەوەیەکی توندی لە ناوخۆی کەنەدا لێکەوتووەتەوە؛ چونکە دەریاچەکە ناوی گەورەترین و گرنگترین پارێزگای کەنەدای هەڵگرتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP