هەرێم نیوز
دانیشتنی دادگاییکردنی دەستگیرکراوانی ڕووداوەکەی لالەزار لە سلێمانی بەڕێوەچوو و بەهۆی وەرنەگرتنی وتەی تەواوی تۆمەتبارەکانەوە، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا، پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەو کەسانە نەبوون کە ئەمڕۆ وتەیان لێ وەرگیراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی 9ـی 2026، دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، لە کۆی ٢٧ دەستگیرکراو کە لە زینداندا ماونەتەوە، ئەمڕۆ ١٢ کەسیان براونەتە دادگای سلێمانی، بەڵام تەنیا بە ڕیزبەندی وتە لە شەش کەسیان وەرگیراوە و نۆرە نەگەیشتووەتە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، بەو هۆیەشەوە دانیشتنەکە دواخراوە. بڕیاریشە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاتی دانیشتنی داهاتوو ئاشکرا بکرێت.
پارێزەرەکەی لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بەپێی ماددەی ٥٦ـی یاسای سزادانی عێراقی بوو، کە تایبەتە بە ڕێککەوتن بۆ ئەنجامدانی تاوانی کوشتن.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە لە ٢٧ـی ئابی ٢٠٢٥، ئاسایشی سلێمانی ڤیدیۆی دانپێدانانی کۆمەڵێک کەسی بڵاوکردەوە کە گوایە بە هاوکاریی لاهوور شێخ جەنگی ویستوویانە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بکەنە ئامانج.
دانا تەقیەدین جەختی لەوەش کردەوە، لایەنی بەرامبەر هیچ بەڵگەیەکی بەهێزی نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە و سزادانی دەستگیرکراوەکان، وتیشی: "ئەو ڤیدیۆیەی بڵاویان کردووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە قەناس لەناو فەرشدا شاردراوەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا بە ئاشکرا دیارە فەرشەکان لار بوونەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ناتوانرێت چەکیان تێدا بێت."
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمە چوارەمین دانیشتنی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی بوو، کە یەکەم دانیشتن لە ١٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ بەڕێوەچوو.
پارێزەری دۆسیەکە ئاشکراشی کرد کە جگە لە ماددەی ٥٦، تۆمەتبارەکان بەپێی ماددەی ٤٠٦ـی تایبەت بە کوشتنیش دادگایی دەکرێن، ئەوەش بەهۆی ڕووداوەکانی ٢٢ـی ئابی ٢٠٢٥ کە تێیدا هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار و لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا پێنج کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون.