دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ پرسی بودجەی 2027 گەیشتە بەغدا

هەرێم نیوز

تیمێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێم و نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ کۆببنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی 9ـی 2026، تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە شەوی ڕابردوو گەیشتبوونە بەغدا، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەکردن و نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی ٢٠٢٧ دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان کراوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا، بەتایبەتیش تاوتوێکردنی بابەتی خەرجییەکان و پرسی دامەزراندن، یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان.

هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، کە شاندی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەکەدا بە فەرمی داوا دەکات پشکی هەرێم لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ـدا لەسەر بنەمای ئاماری سەرژمێریی دانیشتووان دیاری بکرێت، کە بەپێی خەمڵاندنەکان و خواستەکانی هەرێم، ئەو ڕێژەیە دەکاتە لەسەدا ١٤ـی کۆی گشتیی بودجەی عێراق.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP