دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

لە پردێ هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی؛ کوژراو و بریندار هەن

هەرێم نیوز

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی پردێ، دوو چەکداری نەناسراو لە ڕێگەی ماتۆڕسکیلێکەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی و لە ئەنجامدا چەکدارێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی 9ـی 2026، بەرەبەیانی زوو لە کاتژمێر ٢:٠٠ـدا، دوو چەکداری نەناسراو کە لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوون، دەستڕێژی گوللەیان لە پاسەوانانی بارەگای فەوجێکی لیوای ١٦ـی هێزەکانی حەشدی شەعبی (حەشدی تورکمانی) لە شارۆچکەی پردێ کرد. 

بەهۆی هێرشەکەوە چەکدارێکی حەشد بە ناوی (عەلی بەهجەت حامد) کوژرا و چەکدارێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو، کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک چارەسەری پزیشکی وەردەگرێت.

لەم بارەیەوە، عەمید عامر نووری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەرکووک پشتڕاستی کردەوە کە ماتۆڕسوارێک تەقەی لە خاڵێکی حەشدی شەعبی کردووە و ڕایگەیاند: "تاوەکو ئێستا ڕوون نییە ئەو هێرشە لەلایەن کێوە کراوە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن."

بەپێی زانیارییەکان، ئەو بارەگایەی هێرشەکەی کراوەتە سەر تایبەتە بە حەشدی تورکمانی و فەرماندەکەیان ناوی عەلی بەغدادییە. 

هاوکات دوای هێرشەکە، هێزە ئەمنییەکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP